رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی دەڵێت، ئەگەر ئەمڕۆ مانگ نەبیندرێت، سبەی تەواوکەری مانگی رەمەزان دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''بۆ راگەیاندنی جەژن، پشت بە بڕیاری وڵاتانی دراوسێ نابەسترێت، بەڵکو دەبێت لە هەرێمی کوردستان مانگ ببیندرێت''.
ئەمڕۆ شەممە 29-03-2025، عەباس خدر، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، لەبارەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن رایگەیاند: "وەک لیژنەی بینینی مانگ لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان، لە چیاکانی گڵەزەردە، گۆیژە و بەرزاییەکانی قەیوانەوە ئامادەکاری بۆ چاودێریکردنی مانگ کراوە.''
عەباس خدر گوتی، لە ئێوارەوە تاوەکو بەربانگ بە ئامێری تایبەت چاودێریی ئاسمان دەکەن و رایگەیاند: ''لەکاتی بینین یان نەبینینی مانگ، راپۆرتی خۆمان دەدەینە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، دواتر ئەنجامەکەی رادەگەیێندرێت.''
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی، راگەیاندنی یەکەم رۆژی جەژن پەیوەستە بە بینینی مانگ لەلایەن لیژنەکانی سەر بە وەزارەتی ئەوقافەوە و گوتی: ''ئەگەر کەسێکی دیکە مانگ ببینێت، دەبێت شایەتی هەبێت و لە دادگە شایەتی بدات کە مانگی بینیوە، بەڵام ئەگەر بەڵگەی تەواوی نەبێت، [لێی وەرناگیرێت]".
تورکیا رۆژی یەکشەممە 30ـی ئاداری وەک یەکەم رۆژی جەژن راگەیاندووە.
عەباس خدر گوتی، بۆ راگەیاندنی یەکەم رۆژی جەژن، پشت بە وڵاتانی دراوسێ نابەستن، ''بەڵکو پشت بە بینین و نەبینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان دەبەستین. ئەگەر ئێوارەی ئەمڕۆ مانگ نەبیندرا، بەیانی رەمەزانە و دوو بەیانی دەکرێت بە یەکەم رۆژی جەژن.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ