لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە: لە هەفتەیەکدا دەستمان بەسەر 1300 کیلۆگرام خواردەمەنیدا گرتووە

29-03-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە دەڵێت، لە چوارچێوەی پشکنین و چاودێریی بازاڕدا دەستیان بەسەر 200 کیلۆگرام قەیسیدا گرتووە کە شیاوی خواردن نەبووە. ئاماژە بەوەش دەکات، "لە هەر شوێنێک نرخی کیلۆیەک گۆشت لە 17 هەزار دینار تێپەڕێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر گۆشتفرۆشەکە دەگیرێتەبەر."
 
ئەمڕۆ شەممە 29-03-2025 فەلاح نامیق، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی شیاونەبوونی بۆ خواردن، دەستیان بەسەر 200 کیلۆگرام قەیسیدا گرتووە، کە بە ئۆتۆمبێل لە پیرەمەگروونەوە هێندرابووە هەڵەبجە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشدا گیراوە، کە کۆمەڵێک کاڵای دیکەی تێدا بووە و رێککەوتی دروستکردن و بەسەرچوونیان لەسەر نەبووە.
 
فەلاح نامیق گوتی، "وەک ئامادەکاری بۆ رۆژانی جەژن، لە پشکنین و کۆنترۆڵی بازاڕ بەردەوامین؛ لە هەفتەیەکدا دەستمان بەسەر تۆنێک و 300 کیلۆگرام خواردەمەنیدا گرتووە کە شیاوی خواردن نەبووە."
 
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە باسی لە کۆنتروڵی نرخی گۆشت کرد و گوتی، "نرخەکە بۆ هەر کیلۆیەک لە 15 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 17 هەزار دینار."
 
فەلاح نامیق ئاماژەی بەوەش کرد، "لە هەر شوێنێک نرخی گۆشت لە 17 هەزار دینار زیاتر بێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر گۆشتفرۆشەکە دەگیرێتەبەر."
 
لە هەڵەبجە ئامادەکاریی تەواو بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارانی رۆژانی جەژن کراوە.
 
هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزاری پارێزگاکە دوێنێ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژانی جەژن، لیژنەکانمان بەردەوام دەبن لە گەڕان، هاوکات لەگەڵ پۆلیس، ئاسایش، تەندروستی و بازگەکان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران هەموو ئامادەکارییەک کراوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە