رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕێکی کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی پارێزگای ورمێ دەڵێت، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بارانبارین روو لە ورمێ بکات و هەموو ناوچەکانی ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئاداری 2025، یاسر ئەشتاد، پسپۆڕی کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ شەممە شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگاکە بگرێتەوە و تاوەکو نێوەڕاستی هەفتە بەردەوام بێت.
یاسر ئەشتاد پێشبینی دەکات شەپۆلەکە بارانی بەخوڕ و هەورە برووسکە و بای بەهێزی لەگەڵ بێت و لەهەندێک ناوچەش تەرزە ببارێت.
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە ئەگەری دروستبوونی لافاو لە هەندێک شوێن هەیە.
لەبارەی کەشوهەوای کرماشانیش، کەشناسیی پارێزگاکە باس لەوە دەکات، پێشبینی دەکرێت سبەی شەپۆلی بارانبارین پارێزگاکە بگرێتەوە و بای بەهێزی لەگەڵ دەبێت.
کەشناسی پارێزگاکە دەڵێت: "شەپۆلەکە بە شێوەی پچڕ پچڕ تاوەکو هەینی بەردەوام دەبێت".
بەگوێرەی کەشناسیی پارێزگای سنە، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگاکە بگرێتەوە و تاوەکو کۆتایی هەفتە بەردەوام بێت؛ شەپۆلەکە بای بەهێز و هەورەبرووسکەی لەگەڵ دەبێت.
کەشناسیی لوڕستانیش باس لەوە دەکات، لە ئێوارەی هەینییەوە شەپۆلێکی بارانبارین بەشی زۆری پارێزگاکەی گرتووتەوە و تاوەکو یەکشەممە بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ