کوردستان
سەعدی ئەحمەد پیرە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بۆ خستنەڕووی نامیلکەیەکی بە ناونیشانی ''وردە کووت''
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نامیلکەیەکی بۆ شیکردنەوەی بەشێک لە مادەکانی دەستوور کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان خستەڕوو؛ لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیش بۆ پرسی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ''یەکلاکەرەوەیە و تانەی لێ نادرێت.''
ئەمڕۆ (شەممە، 24-02-2024) سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر، نامیلکەیەکی بە ناونیشانی ''وردە کووت'' خستەڕوو کە تێیدا بەشێک لە مادە دەستوورییەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان بە زمانی کوردی شیکراونەتەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی ئامانجی نووسینی نامیلکەکە گوتی، ''مەبەست لە نووسینەوەی؛ پەرەپێدانی هۆشیاری لەسەر مادەکانی دەستوورە، بۆ ئەوەی قووڵتر بخوێنرێتەوە و بەگشتی ئاستی تێگەیشتنی خوێنەرانی کورد لە مادەکانی دەستووری عێراقی زیاد بکرێت.''
وەک گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەیدا، هۆکاری زۆربەی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا، مادەکانی دەستوورە، ''کە بە تێگەیشتنی زیاتر، دەکرێت بەشێک لە ناکۆکییەکانیش چارەسەر بکرێن.''
سەعدی ئەحمەد پیرە پێیوایە، نامیلکەکە رێنماییەکی باشە بۆ سەرجەم کاربەدەستانی کورد لە بەغدا، کە لە وەزارەتەکان، پەرلەمان، هێزی سەربازی و سەرۆکایەتیی کۆماردا کار دەکەن.
''بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی یەکلاکەرەوەن''
رۆژی چوارشەممە 21-02-2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلاکردەوە، 11 کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستانی کەم کردەوە و رایگەیاند، نابێ کورسییەکان لە 100 زیاتر بن و بازنەکانی هەڵبژاردنیش لە 4 کەمتربن. گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەوبارەوە گوتی، ''بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی یەکلاکەرەوەن و تانەیان لێ نادرێت.''
سکاڵاکەی کە دادگەی فیدراڵی بڕیاری لەسەر دا، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکیسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمار کرابوو.
لە سکاڵاکەدا داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردبوو کە پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەبوو.
پێکهاتەکان رەخنەی زۆریان لە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی گرت و یەکێتیش بە هۆکاری لادانی کورسیی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان دەزانن، سەعدی پیرە جەختی لەوە کردە، ''ئێمە دەمانتوانی خۆمان [لایەنە سیاسییەکان] بە بەهایەکی کەمتر، کێشەکان چارەسەر بکەین، بەڵام کە چارەسەرمان نەکرد، ئەو دۆخەی ئێستای لێکەوتەوە.''
گوتەبێژی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو؛ ''من، پێموایە بۆ هەرێمی کوردستان سوودی پابەندبوون بەو بڕیارە زۆر زیاترە لە هەوڵدان [بۆ گۆڕینی بڕیاری دادگەی فیدراڵی]، کە بێسوودە.''
هەرچەندە یەکێتی لەگەڵ ئەوەدا بووە کورسیی کۆتاکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن دابەش بکرێن و تەنیا لە هەولێر نەبن، چونکە پێیوابوو لەلایەن پارتییەوە بەکاردەهێندرێن، بەڵام دادگە بڕیاری دا شتێک بەناوی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان نەمێنێت.
کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی سەعدی پیرە:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ