رووداو - هەولێر
لێپرسراوی بەشی کردە پزیشکییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان رایگەیاند، تائێستا هیچ لایەنێکی فەرمی بەنزینی بۆ ئەمبوڵانسەکانیان دابین نەکردووە و بەنزینخانەکانیش بەهۆی نەدانەوەی قەرزەکانیان، ئامادە نین بەنزینیان بدەنێ.
یەکشەممەی رابردوو ئەمبوڵانسەکانی گەرمیان بەهۆی نەبوونی بەنزین کارەکانیان راگرت و بڕیار بوو دوێنێ دووشەممە ئیدارەی گەرمیان کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات.
رۆژی سێشەممە 24-1-2023، رەفیق قادر، لێپرسراوی بەشی کردە پزیشکییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تائێستا هیچ لایەنێکی فەرمی وەکو حکومەت بەنزینیان بۆ دابین نەکردووین ئەمڕۆش دووبارە قسەمان لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان کردووە و تائێستا هیچ نییە."
بە گوتەی رەفیق قادر، لایەنێکی نافەرمی نزیکەی پێنج هەزار لیتر بەنزینی بۆ دابینکردوون.
تەندروستیی گەرمیان نزیکەی 20 ئەمبوڵانسی هەیە. لێپرسراوی بەشی کردە پزیشکییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان دەڵێت: "چەکی مانگی 11 و 12ی ساڵی رابردوومان بۆ خەرجنەکراوە کە تەنیا پارەی بەنزین نزیکەی 30 ملیۆن دینارە."
رۆژی یەکشەممە رەفیق قادر بە رووداوی گوتبوو:"بەنزینخانەکان ئاگاداریان کردینەوە بەهۆی نەگەڕاندنەوەی قەرزەکانیان بەنزینمان پێ نادەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ