رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی ساڵیادی شەهیدبوونی ئیمام عەلی لە ورمێ، کەسێک هەڕەشەی لە کورد کرد، بەشێکیشیان گۆپاڵیان بەدەستەوە بوو و درووشمیان لە دژی کورد گوتەوە.
رێوڕەسمی یادکردنەوەی ساڵیادی شەهیدبوونی ئیمام عەلی لە ورمێ کە رۆژی شەممە (22-3-2025) سازکرا، جیاواز بوو لە ساڵانی رابردوو و ئەو کارە بە پێشەنگیی ژمارەیەک بەرپرسی پێشوو و لەبەرچاوی بەرپرسانی ئێستای پارێزگاکە کرا.
رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ دەڵێ "گرنگترین سیاسەت و بڕوای ئێمە ئەوەیە؛ ئەم خەڵکە بەیەکەوە بران و ئەم برایەتییە بە رژدی وەردەگرن. هەر جۆرە بابەتێک، کە ئەمە تێکبدات، بێگومان قبووڵی ناکەین."
پۆلیسی پارێزگای ورمێ دوانیوەڕۆی (یەکشەممە، 23-3-2025) ڤیدیۆی کەسێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو کەسە هانی خەڵکی داوە بێڕێزی بکەن و ئاژاوەی ناوەتەوە، بۆیە دەستبەسەریان کردووە.
ئەو کەسە، بە ئازەری لەنێو رێوڕەسمەکەدا دەڵێ "بە خوینی کوردان، دەریاچەی ورمێ پڕدەکەینەوە." دەستبەسەرکردنیشی دوای ئەوە هات؛ ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد لەدژی ئەو بێڕێزییانە ناڕەزاییان دەربڕی.
حاکم مەمەکان، پەرلەمانتاری ورمێ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، دەبێ لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە بێڕێزییان کردووە و هەوڵی دووبەرەکینانەوە لەنێوان کورد و تورک دەدەن.
هەروەها عومەر عەلیپوور ئەقدەم، پەرلەمانتاری کوردی شارەکانی ماکۆ و چاڵدران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، دەبێ لێپرسینەوە لەوانە بکرێت، کە هەوڵی تێکدانی یەکڕیزیی خەڵک دەدەن.
ژمارەی ئەو کەسانەی لە شینگێڕانی ئیمام عەلی لە ورمێ بێڕێزییان بە کورد کرد زۆر نەبوو، بەڵام چالاکڤانانی کوردی شارەکە نیگەرانن، ئەو چالاکییانە ببنە هەوێنی پەراوێزخستنی زیاتری کورد لە شارەکە دا.
درووشمدان دژی کورد لە بۆنەیەکی ئایینی لەنێو شاری ورمێ دوای ئەوە هات، 18ـی ئادار بۆ یەکەمجار لەنێو شاری ورمێ، ئاهەنگێکی گەورەی نەورۆز سازکرا، کە بە دەیان هەزار کەس بە جلوبەرگی کوردی تێیدا بەشداربوون. ئەوان ئاهەنگیان گێڕا و پێداگرییان کردەوە لەسەر بوونی کورد لە ورمێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ