رووداو دیجیتاڵ
عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان دەکات و دەڵێت، "لە خوای پەروەردگار دەپاڕێمەوە لەم جەژنەدا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەخێر بگێڕێت بۆ میللەتی كوردی مەزڵووم."
رۆژی شەممە، 29ـی ئاداری 2025، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەیامێکی پیرۆزباییدا رایگەیاند: "به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی ئه‌م ساڵه‌وه (1446ک - 2025 ز) پیرۆزبایی له یه‌كه یه‌كه‌تان ده‌كه‌م و، له‌خوای میهره‌بانی به‌خشنده داواكارم خواپه‌رستیی و چاكه‌كانی ئه‌م مانگه پڕخێر و به‌ره‌كه‌ته‌ی له هه‌موو لایه‌كمان قبووڵ فه‌رمووبێ و، گوناهـ و هه‌ڵه و خراپه‌كانیشمانی لێ سڕیبینه‌وه."
عەلی باپیر دەڵێت: "هیواداریشم به‌هۆی خۆگۆڕینمانه‌وه، شایسته‌ی ئه‌وه‌بین خوا "سبحانه وتعالی" واقیعی سه‌خت و دژواری سیاسیی و ئابووریی و ژیان و گوزه‌رانیشمان بگۆڕێ، چونكه هه‌میشه خۆگۆڕین و خۆپاك و چاككردن بناغه‌ی واقیع بۆ گۆڕانه: (... إِنَّ اللَّهَ لَا يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّىٰ يُغَيِّرُوا مَا بِأَنفُسِهِمْ...) الرعد -11-."
هاوکات، ئاماژە بەوە دەکات، لە خوای پەروەردگار "دەپاڕێمەوە لەم جەژنەدا ناڕەحەتییەكانی سەر خەڵكی غەززە سووک بكات و، بیكاتە مایەی سەركەوتنی موسڵمانان لە هەر كوێیەک هەن و، گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەخێر بگێڕێت بۆ میللەتی كوردی مەزڵووم. هه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر خۆشمان لە هەرێمی كوردستان دڵسۆزانه و هۆشیارانه و، به ویستی ئازادی خۆمان، خۆمان و واقیعه‌كه‌مان نه‌گۆڕین و چاک نه‌كه‌ین، زۆر نزیكه له ده‌ره‌وه‌ی ویست و خواستی خۆمان گۆڕانكارییمان به‌سه‌ردابێ!"
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری دەستخۆشی لە مامۆستایانی ئایینی، رێکراوە خێرخوازییەکان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکات کە لە مانگی رەمەزاندا "لەخزمەت پەیامی ئیسلام و موسڵمانان و خەڵكی كەمدەست و بێدەرەتان بوون و، رووح و دڵەكانیان ئاودێر كردنەوەو خۆشییان خستە نێو هەزاران ماڵی بێ باب و نەدار."
عەلی باپیر جەخت لەوە دەکاتەوە، جه‌ژنی ره‌مه‌زان دوای مانگێک رۆژووگرتن و خواپه‌رستیی و چاكه، "ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌یه بۆ ئاشته‌وایی و ته‌بایی له‌هه‌موو ئاسته‌كانی: تاكیی، خێزانیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی‌دا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ