رووداو دیجیتاڵ
محەممەد قەواس، هاونیشتمانیی شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کچە تاقانەکەی گەڕاوەتەوە ماڵەوە، دوای ئەوەی کە لەلایەن گرووپی جوانێن شۆڕشگێڕەوە رفێنرابوو.
باوکی کچەکە پێشتر سێ بانگەوازی ڤیدیۆیی بۆ گەڕاندنەوەی کچەکەی بڵاوکردبووەوە، بەڵام سوودی نەبوو. لە ڤیدیۆی چوارەمدا داوای یارمەتی کرد و رایگەیاند، "ئەگەر کچەکەم ئازاد نەکرێت، ئەوا لە یەکەم رۆژی جەژن خۆم دەکوژم."
محەممەد قەواس، تەنیا ئەو کچەی هەیە و خۆی و هاوژینەکەشی نەخۆشن، داوای لە هەموو حیزب و لایەنە کوردییەکان کرد، هاوکاربن بۆ گەڕاندنەوەی کچەکەی.
رۆسێلای تەمەن 16 ساڵان، بە گوتەی باوکی، رۆژی هەینی لەلایەن جوانێن شۆڕشگێڕەوە رفێنرابوو، لە خانووێکدا دەستبەسەرکرابوو و رێگەی پێنەدەدرا بگەڕێتەوە ماڵەوە.
محەممەد قەواس ئێوارەی شەممە لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە رووداوی راگەیاند، کچەکەی گەڕێندراوەتەوە. "لە رێگەی چەند دۆستێکەوە کچەکەم گەڕێندرانەوە و ئێستا لەگەڵ خۆمان دەژی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ