رووداو دیجیتاڵ
بە مەقام و گۆرانی و هەڵپەڕکێ، دوێنی چوارەمین دیداری هونەری و ئاشتی لە کفری دەستیپێکرد، بەڵگەفیلمێک لەبارەی مێژووی قەزاکەوە نمایشکرا و ژمارەیەک هونەرمەند و مەقامبێژی کفری بە مەقامەکانی قەتار، خاوکەر و تەفلیس(مەقامێکە تایبەتە بە کفری) بەشدارییان لە دیدارەکە کرد.
هاوتا سابیر، یەکێکە لە هونەرمەندەکانی بەشداری دیدارەکە، لەوبارەیەوە گوتی، "شاری کفری بە سەرچاوە و چاوگی مەقامات دادەنرێت لەسەر ئاستی عێراق لەبەر ئەوەی مێژوویەکی کۆنی هەیە ئەم شارە بەپێی مێژووەکەی کۆمەڵێک هونەرمەندی باش هەبوون لە شاری کفریدا بۆ نموونە رەحمەتوڵا شەڵتاخ،"
بەڵگە فیلمی شاری بەرەبەیانی مێژوو لە دیدارەکە کە باسی لە مێژووی ئەو شارە کرد و بەبۆنەی تێپەڕاندنی 170 ساڵ بەسەر بە قەزابوونی کفری نمایشکرا.
لە دیدارەکەشدا گرووپی هەڵپەڕکێی کەرکووک بە چەند نمایش و هەڵپەڕکێیەک جۆش و خرۆشییان بە دیدارەکە بەخشی.
زیزۆ بابانی، راهێنەری گرووپی هەڵپەڕکێی کەرکووکە لەبارەی دیدارەکەوە دەڵێت، "لە شاری کەرکووکەوە هاتووین شارەکەمان گوزارشت لە پێکهاتە و زمانە جیاوازەکان دەکات وەکو کوردی و عەرەبی و تورکمانی و مەسیحی ئێمەش وەک تیپی هونەرە میللیەکانی کەرکووک ئەمڕۆ بە تابلۆی پێکەوە ژیان بەشدار بووین کە بە هەڵپەرکێیەکی جوان گوزارشتمان کرد لە پێکەوە ژیانی هەموو نەتەوەکان."
دیداری کفری یەکێکە لەو چالاکییە هونەریانەی کە گرنگی بە پێکەوە ژیان دەدات. لەوبارەوە کارین مۆلدۆخ، دامەزرێنەری رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی رایگەیاند، "کفری مێژوویەکی پێکەوەژیانی هەیە خەڵکی عەرەب، تورکمان و خەڵکی کورد بەیەکەوە ژیانیان کرد، مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە ئێمە لەم دیدارە پەیامێک دەنێرین تەنها بۆ عێراق نا بۆ هەموو جیهان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ