رووداو دیجیتاڵ
بە نمایشکردنی ئامێرێک پرۆژەی نیشتەجێبوونەکەیان لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنان و خانووبەرە بە بازاڕ دەکەن.
حوسێن ئەندازیارە و لە 2004ەوە لەسەر چەندین پرۆژە کاری کردووە، لە کۆتایی 2022ەوە دەستی بە دروستکردنی پرۆژەیەکی نوێی نیشتەجێبوون کردووە کە خۆی خاوەنییەتی و بڕیارە 720 یەکەی نیشتەجێبوون لە 3 باڵەخانە لە ماوەی 30 مانگ تەواو بکات.
لەگەڵ حوسێن گفتوگۆی کوالێتی دروستکردنی باڵەخانەکانی خۆی و بە گشتی باڵەخانەکانی هەرێمی کوردستانمان کرد.
حوسێن حەسەن، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونە و دەڵێت: خۆم نەچوومەتە نێو بازاڕ، بەڵام ئەوەی لە دۆست و برادەران گوێم لێدەبێت و دەیبیستمەوە، بازاڕی خانووبەرەی یەکە بەرزەکان کز بووە و ئەویش متمانە نەبوونی خەڵکە بە پرۆژەکان، منیش ئەوەم بە دەرفەتم زانی ئەو ئامێرە، ئامێری BRB[م بەکارهێنا] و بە خۆشحاڵییەوە دەڵێم کە یەکەم کەسم لە کوردستان و هەموو عێراق ئەو سیستمەم بەکارهێناوە. ئەگەر وەک هاووڵاتییەک قسە بکەم بە نزیکەیی دەتوانم لەنێو هەموو [یەکەکانی نیشتەجێبوون] بژیم، بەڵام ئەگەر وەکو ئەندازیارێک یان کەسێک کە وردببمەوە نەخێر لە پەنجەی دەست تێناپەڕن ئەوانەی کە دەتوانم لە نێویاندا بژیم.
پرۆژەیەکی دیکەی نیشتەجێبوون لە هەولێر لە 2007ەوە بەردی بناخەی 32 باڵەخانە و 300 ڤیلایان لە هەولێر داناوە.
هێژا کاوە، بەڕێوەبەری مارکێتینگی ئێمپایەر دەڵێت: سەرەتای ئەمساڵ کە ئەو بوومەلەرزە بەهێزە روویدا کە بەشێکی تورکیا و هەرێمی کوردستانیشی گرتەوە ئێمە وەکو ئێمپایەر داوامان لە کۆلێژی پۆلیتەکنیک کرد، راپۆرتێکیان ئامادە کرد، ئێمە یەکەمین کۆمپانیا یان یەکەمین پرۆژە بووین داوامان کرد لە کەرتی حکومی بێن راپۆرتێک ئامادە بکەن و تێستی ئەو باڵەخانانە بکەن کە ئێستا خەڵک تێیدا دەژین، بەپێی راپۆرتەکە کەمترین زیان هەبوو و کەمترین زەرەر هەبوو کە بە خەڵک گەیشتبێت لە پرۆژەکەمان.
رۆژی سێشەممە 22-08-2023، چوارەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنان و خانووبەرە لە هەولێر کرایەوە، 250 کۆمپانیا لە 15 وڵاتەوە بەشدارییان کرد.
هەموو کۆمپانیاکانی بەشدار لە پێشانگەکە درووشمی گەورەیان هەڵگرتووە و بانگەواز بۆ بەرزی کوالێتی بیناسازی دەکەن.
لە دەرەوەی پێشانگە نێودەوڵەتییەکە چوومە لای ئەندازیارێک.
هۆگر میرزاشێخە، ئەندازیارێکە و دەڵێت: راستە باڵەخانە دروستکراوە، بەڵام تاوەکو چەند حسابی ئەوە کراوە کە چەند دەمێنێتەوە زۆر داهاتوو لەبەرچاو نەگیراوە؛ بۆ نموونە 20 ساڵ بۆ 25 ساڵی دیکە. باڵەخانە هەبووە بە 5 ساڵ کوالێتی ژیانکردنی تێدا نەماوە و خەڵک نەیتوانیوە لەوێ بژی.
پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بە چەندین فیلتەر و رێکاری یاسایی و ئەندازیاریدا تێپەڕدەبن تاوەکو کاتی وەرگرتنی مۆڵەتی دەستبەکاربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ