رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرى راگەیاندنى نووسینگەی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق لە کەرکووک رایگەیاند، ژماردنی دەستی بۆ 110 سندووقی دەنگدانی تایبەت و دوو سندووقی دەنگدانی گشتی دەستیپێکردووە." بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیش لە کەرکووک دەڵێت، "چاوەڕێی جیاکردنەوەی دەنگەکانین و بە دڵنیاییەوە دەنگی یەکێتی زیاد دەکات."
رۆژی پێنجشەممە 21-12-2023 عەبدولباست دەروێش، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداى راگەیاند "ژماردنی دەنگەکان دەستیپێکردووە و بڕیارە لە کەرکووک دەنگی 112 سندووقی دەنگدان بە دەست بژمێردرێنەوە."
رۆژی شەممە 16-12-2023 دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، بەڵام دوای تەواوبوونی دەنگدان، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە هەندێک وێستگەدا دەنگەکانیان هەژمارنەکرد و دوایین راپۆرتیان نەخوێندەوە، بۆیە ئەمڕۆ لە عێراق لە دوو هەزار و 36 سندووق، دەنگەکان بە دەست دەژمێردرێنەوە.
عەبدولباست دەروێش دەڵێت "ئەو 112 سندووقەی لە کەرکووکن 100 سندووقیان هی دەنگدانی تایبەت و دوو سندووقی دەنگدانی گشتییەکەش کە راپۆرتی کۆتاییان نەداوە، لیژنەیەک لە کۆمیسیۆنی عێراق هاتوون و چاودێرن لە ژماردنی دەنگەکان."
عەلی قەڵایی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک بە رووداوی گوت "هەر مێزێک پێنج کارمەندی کۆمیسیۆنی لەسەرە و دەنگەکان دەژمێرن، مێزەکان دوو کامێرای چاودێریشیان لەسەرە، کە جیاکردنەوەی دەنگەکان تۆماردەکەن، چاوەکان لەسەر جیاکردنەوەی ئەم دەنگانەیە، چونکە رەنگە لە کورسییەکان گۆڕانکاری رووبدات، بەتایبەت گۆڕانکاری لە ریزبەندی کاندیدەکان."
بەگوتەی عەلی قەڵایی، تاوەکو ئێستا 15 سندووق کراونەتەوە و دەنگەکان هەژمارکراونەتەوە و وەکو یەکێتی دەنگیان زیاد دەکات دەشڵێت، "زەحمەتە ئەمڕۆ ژماردنی دەنگەکان تەواوببێت."
هەر ئەمڕۆ لە هەولێر 35، سلێمانی 55 و لە دهۆک 28 سندووقی دەنگدان کە زۆربەیان سندووقی دەنگدانی تایبەتن، بە دەست دەژمێردێن، لە پارێزگای نەینەواش دەنگی 116 سندووق بەدەست دەژمێردێنەوە، کە 103 سندووقی دەنگدانی تایبەت و 13 سندووقی دەنگدانی گشتییە.
رۆژانی شەممە و دووشەممەی ئەم هەفتەیە دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی 14 پارێزگای عێراق و کەرکووک بەڕێوەچوو. لە کۆی 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوو لە دەنگدانی گشتی و تایبەت، 6 ملیۆن و 599 هەزار و 668 کەس دەنگیان دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ