لە خانەقین گرووپێکی خۆبەخش ماددە پلاستیکییەکان کۆدەکەنەوە و 1000 نەمام دەچێنن

21-10-2023
هونەر حەمید
هەڵمەتی چاندنی 1000 نەمام لە خانەقین
هەڵمەتی چاندنی 1000 نەمام لە خانەقین
نیشانەکردن خانەقین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گرووپێکی خۆبەخشی ژینگە دۆست لە خانەقین دەیانەوێت لە رێگەی کۆمەک و هاوکارییەوە 1000 نەمام لەو شارە بچێنن، هەڵمەتێکیان لەوبارەیەوە راگەیاندووە، لەو چوارچێوەیەشدا مادە پلاستیکییەکان کۆدەکەنەوە تاوەکو زیان بە ژینگەی ناوچەکە نەگەیێنن. 
 
رابیعە عەباس، پزیشکی پسپۆڕی سۆنار و ژینگە دۆستە، لەبارەی هەڵمەتەکەوە بە رووداوی گوت، "دەمانەوێت لە خانەقین داری زیاتر بچێنین بۆ ئەوەی ژینگەی شارەکەمان پاک بێت، خۆشمان دووربین لە نەخۆشی، من پزیشکم دەزانم لە خانەقین زۆر نەخۆشی بڵاوبووەتەوە بە تایبەتی شێرپەنجە، هەر نەمامێک لە کۆمەڵێک نەخۆشی دەمان پارێزێت." 
 
فواد رەحمان، تەمەنی 48 ساڵە، ماوەی شەش مانگە كارگەی هاڕینی پلاستیكی لە گوندی (ئەمین باپیر) لە خانەقین داناوە لە کارگەکەی رۆژانە سێ تۆن پلاستیکی کۆکراوە دەهاڕێت و دەینێرێت بۆ سلێمانی. لەبارەی بەرهەمی کارگەکەیەوە دەڵێت، "ئێمە کارگەی هاڕینی پلاستیکی ریسایکلینی بەکارهێنراومان هەیە، ئامانجمان بەدەستخستنی داهات و بەخێوکردنی خێزانەکانمانە، لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجی سەرەکیمان پاکوخاوێنی خانەقین و ژینگەی شارەکەمانە، کەرەستەی [پلاستیک]ـی بەکارهێنراو لەنێو شەقام و کۆڵانەکان فڕێدراون."
 
دوو شارەوانی لە خانەقین هەیە، یەكێكیان سەر بە حكومەتی عێراقە و ئەوی دیکە سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بە هەردووكیان رۆژانە نزیكەی 150 تۆن خۆڵ و خاشاك کۆدەکەنەوە دەیکەنە ژێر خۆڵەوە. دەڵێن، 80% ئەو زبڵ و خاشاکانەی کۆدەکرێتەوە مادەی پلاستیکین.
 
سۆران عەلی، سەرۆكی شارەوانەی خانەقین(حكومەتی هەرێمی کوردستان)، رایگەیاند، "ئەو مادە پلاستیکییانە بە 100 ساڵیش لەنێو ناچن، زیانێکی زۆر گەورەی هەیە بۆ ژینگە، هەرچەندە ئێمە دایدەپۆشین بەڵام هەر زیانی هەیە."
 
هەڵمەتەکەی رابیعە عەباس و فواد رەحمان دوای ئەوەدێت ،بەپێی ئاماری تۆماری پلەی گەرمی جیهان، بەهۆی گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا، ئەم ساڵ خانەقین دووجار بە گەرمترین شار لە جیهان دیاری کرا، پلەی گەرما لە شارەکە گەیشتە 54 پلە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.