رووداو دیجیتاڵ
ئيکرام مستەفا، خەڵکی تەوێڵەيە و دانيشتووی هەڵەبجەيە، 30 ساڵە وەستا و فرۆشیاری کڵاشە، بەڵام لە دووکانەکەی ئەوەی بازاڕی باشە، کڵاشی هاوردەیە، نەک ئەو کڵاشەی لێرە بە دەستی خەڵکی خۆماڵی چندراوە. ژووری بازرگانیی هەڵەبجە دەڵێت، ٪95ـی کەلوپەل و بەرهەمی دەستکردی ناوچە گەشتياریيەکان هاوردەن.
ئیکرام مستەفا، خاوەنی دووکانی کڵاش بە رووداوی گوت، "خواست زياتر لەسەر هەرزانییەکەيەتی، کامەی زۆر هەرزان بێت، خواست زياتر لەسەر ئەوەيە، من نزیکەی 70 کڵاشچنم بووە، 10 وەستای کڵاشم بووە کە ژێرەی بۆ دروستکردووم، 5 وەستای پێکەنم بووە کە پێکەنەی بۆ کردووم. ئێستا کڵاشچنەکانم کەمبوونەتەوە بۆ 6-7 کەس، کڵاشی خۆمان بە 60-65 هەزار دینارە، بەڵام بە زەمانی ساڵێک دەيفرۆشم."
کەلوپەلی هاوردە تەنیا بەرهەمی نێوخۆیی کەم نەکردووە، بەڵکو کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی دەستی کاری نێوخۆییش هەبووە.
هاروون تاهير، خاوەن دووکانی کەلوپەلی گەشتيارییە لە بيارە و دەڵێت، "وڵات واپێش دەکەوێت کە ئيشەکان کاری دەستی خۆت بێت، بەرهەمی نێوخۆیی خۆت بێت نەک هاوردە، هاوردەکە سوودەکەی بۆ ئەو شوێنەيە کە تۆ هاوردەی دەکەيت، ئێمە ئەم کەلوپەلانە هاوردە دەکەين، ئەگەر شتەکە لێرە دروستبکرێت هيچی ناشکێت و خەسار نابێت، گومرگ نادەین و کەمتر دەکەوێت لەسەرمان، لێرە زۆر ئاسان دەتوانين ئەم کەلوپەلانە بەرهەم بهێنين."
بەشێکی گەشتياران کە دەچنە ناوچە گەشتيارييەکان، گوێ بە نرخی بەرهەمەکان نادەن، گرنگ ئەوەیە بە دڵیان بێت.
ئيبراهيم حەميد، گەشتيارە و باسی لەوە کرد، "شتی کولتووریی زۆری لێیە، بەڵام هاوردەی دەرەوەيە، واباشە خەڵکی خۆمان کار لەسەر ئيشی خۆمان بکەين، ئێستە ئەمەيان هەيە، من هاتم بيکڕم، بەڵام دەبينم هاوردەی دەرەوەيە، بەس هەر دەيکڕم."
بەپێی ئامارێکی ژووری بازرگانیی هەڵەبجە، 95٪ـی کەلوپەل و بەرهەمی دەستکردی ناوچە گەشتياریيەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، هاوردەی دەرەوەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ