رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە نەورۆزی 2024ەوە تاوەکو نەورۆزی 2025 زیاتر لە 1200 بیری نایاساییان بە مەبەستی پاراستنی ئاوی ژێر زەوی لە پارێزگاکەدا پڕکردووەتەوە.
مەجید رەستگاری، بەڕێوەبەری ئاوی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 21-03-2024ەوە تاوەکو 21-03-2025، بە پڕکردنەوەی 1213 بیری نایاسایی لە پارێزگاکە، توانیویانە رێگری لە بەفیڕۆدانی چوار ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ژێرزەوی بکەن.
بە گوتەی رەستگاری، تەنیا لە شاری ورمێ 265 بیری نایاساییان پڕکردووەتەوە کە ئەوەش کاریگەریی زۆری لەسەر ئاستی ئاوی ژێرزەویی ناوچەکە هەبووە.
پارێزگای ورمێ یەکێک لە پڕئاوترین پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بەڵام چەند ساڵێکە رووبەڕووی کەمئاوی بۆ کشتوکاڵ و خواردنەوە بووەتەوە.
بەڕێوەبەری ئاوی پارێزگاکە گوتی، "بۆ رێگەگرتن لە کەمئاوی، پێویستە بیرە نایاساییەکان زیاتر پڕبکرێنەوە و رێگری لە بیرلێدانی زیاتر بکرێت."
زۆربەی بیرە نایاساییەکان بە مەبەستی کشتوکاڵ لێدەدرێن.
2ی شوباتی 2025 د. بێهنام حەبیب زادە، مامۆستای زانکۆی ورمێ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، زیاتر لە 90%ی ئاوی بەکارهاتوو بۆ کشتوکاڵی پارێزگاکە بەفیڕۆ دەدرێت.
بێهنام حەبیب زادە گوتیشی، ئەگەر رێگری لە لێدانی بیرە نایاساییەکان نەکرێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەشتی ورمێ تووشی قەیرانی جیدیی کەمئاوی دەبێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای ورمێ، زیاتر لە 23 هەزار بیری نایاسایی لە پارێزگاکە لێدراون کە بە بیرە نایاساییە نوێیەکان ناسراون.
هەروەها 22 هەزار و 206 بیری دیکەش دەستنیشانکراون کە بەر لە ساڵی 2007 لێدراون و مۆڵەتیان نییە؛ ئەوە جیا لە ژمارەیەکی زۆر بیری یاساییش کە لە سنوورەکە هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ