رووداو دیجیتاڵ
دوایین دیبەیتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا بە بەشداریی سەرکردە و بەربژێرانی پارتەکان بەڕێوەچوو، مژاری سەرەکی جەنگی ئۆکراینا و ترسی ئەورووپایە لە سیاسەتەکانی ترەمپ. بەهێزترین بەربژێر بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، "دەبێت ئاسایشی ئەورووپا لەدەست خۆماندا بێت و چیدی ئەمریکا گەرەنتی نییە."
ئالیس ڤایدل، سەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دەڵێت، "دەبێت سەرنجی ئەوە بدەین، دۆناڵد ترەمپ ئەو شتە جێبەجێ دەکات کە سێ ساڵە AfD داوای دەکات، ئەویش ئاگربەست و گفتوگۆیە. نابێت چیدیکە ئەڵمانیا تێکەڵاوی پرسی ئۆکراینا ببێت، بەتایبەتی لە ناردنی چەک، یان ناردنی هێز یاخود هاوکاریی دارایی. دەبێت ئێمە هەموو شتێک رابگرین."
بڕیارە رۆژی یەکشەممە ئەڵمانییەکان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 21ـەمین پەرلەمانی فیدراڵیی ئەو وڵاتە.
پارتەکان بانگەشەکانیان لەسەر سێ مژار چڕ کردەوە کە ئەوانیش ئابووری، کۆچبەران و ئاسایشی ئەڵمانیا و ئەورووپا بوون.
فرێدریک مێرتز، سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکرات دەڵێت، "دەبێت ئێمە خۆمان بۆ خراپترین بژارە ئامادە بکەین، خراپترینەکەش ئەوەیە کە ئێمەی ئەورووپی دەبێت ئاسایشی کیشوەری ئەورووپا لەدەست خۆماندا بێت، لەبەرئەوەی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا چیدیکە گەرەنتی نییە."
بەگوێرەی نوێترین راپرسی؛ پێشبینی کراوە بۆ هەڵبژاردنەکانی 23ی شوبات پارتی کریستیان دیموکرات CDU-ی پارێزگار 30%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، هەرچی پارتی راستڕۆی دژە کۆچبەری تووندڕۆیە پێشبینی کراوە ببنە هێزی دووەم و 20%ی دەنگەکان بەدەستبهێنن.
ئانالینا بێربۆک، بەربژێری پارتی سەوزی ئەڵمانی رایگەیاند، "ئەوەی ئێمەی وێران کردووە، بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاست و دروستکراوە، بڵاوبوونەوەی رق و کینەیە لە ئینتەرنێتەوە، زۆربەشی لەلایەن رووسیاوە هاوردە دەکرێت، ئەگەر ئێمە ئەوەندە سادە و ساکار بین، ئەوا دیموکراسییەکەمان لەنێودەچێت."
چەند کاژێرێک بۆ هەڵبژاردنەکان ماوە، بەڵام بەگوێرەی دوایین راپرسی زیاتر لە 25%ی ئەڵمانەکان رایانگەیاندووە، هێشتا خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە دەنگ بە کێ دەدەن، 7%یش هەر لە ئێستاوە یەکلایی بوونەتەوە دەنگ بە کام حیزب دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ