رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، رێژەی بەشداری لە دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ 31% بووە؛ زۆرترین رێژە لە پارێزگای هەولێر بووە کە 34%ە.
ئەیسەر یاسین، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێژەی بەشداریی هاونیشتمانییانی لە هەڵبژاردن راگەیاند.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی عێراق گوتی، "تاوەکو کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ رێژەی بەشداری لە دهۆک 31%، لە هەولێر 34%، لە سلێمانی 29%، لە هەڵەبجە 33% و بەگشتی رێژەی بەشداربوو 31% بووە."
هاوکات نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق لە کۆنگرەکە لەبارەی ئەو کەسانەی پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە گوتی، "هەر کەسێک پەنجەمۆری خوێندرایەوە، دەتوانێت دەنگ بدات، بەڵام پەنجەمۆری نەخوێندرایەوە، ناتوانێت دەنگ بدات."
نەبەرد عومەر گوتیشی، "دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە گوایە ئەوانەی پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە کۆمیسیۆن بڕیاری داوە دەتوانن بە هەویە دەنگ بدەن. ئەوە بە هیچ شێوەیەک راست نییە. ئامێرەکانمان بەرمەجە کراون و لە کاژێر 07:00ی بەیانی تاوەکو 6:00ی ئێوارە هیچ ئامێرێک دەستکاری ناکرێت."
لەبارەی تۆمارکردنی سکاڵا، نەبەرد عومەر گوتی، "تاوەکو ئێستا لە هیچ بنکەیەک هیچ سکاڵایەکمان بۆ نەهاتووە. دوای کاژێر 06:00 کە سندووقەکان گەڕانەوە، سکاڵاکانیش دەگەڕێنەوە. سبەینێش تاوەکو کاژێر 03:00ی ئێوارە هەر کەسێک سکاڵای هەبوو، دەتوانێت پێشکێشی بکات و دواتر هەمووی رادەگەیێنین."
نەبەرد عومەر باسی لە دەنگۆیەک کرد کە ئەمڕۆ بڵاوبووەتەوە گوایە خەڵک پێنووسی کۆمیسیۆن دەبات و گوتی، "کەیسێکی لەو شێوەیە هەبوو. ئەو کەسە دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا گوتبووی بۆ یادگاری بۆ خۆمم بردووە، بۆیە دڵنیاتان دەکەینەوە پێنووسەکان بەستراونەتەوە بە کابینەکان و دوای ئەو حاڵەتە فەرمانبەری کۆمیسیۆن و چاودێران جەختیان لەوە کردەوە کە پێنوسەکان هەموویان لە شوێنی خۆیانن".
لەبارەی بردنە ژوورەوەی ئاڵا بۆ نێو بنکەکانی دەنگدان، نەبەرد عومەر گوتی، "بردنە ژوورەوەی ئاڵای حیزب بۆ نێو بنکەکان قەدەخەیە، مۆبایل قەدەخەیە. ئەوانە هەموویان پێشێلکاریین، بەڵام هەڵبژاردنە و 2 ملیۆن 683 هەزار کەس بەشداری دەکەن. شەش هەزار و 318 وێستگە هەن؛ بۆیە لە وێستگەیەک یان بنکەیەک شتی وەها هەر دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ