توێژینەوەیەک: 75%ی ئەو منداڵانەی لە کوردستان تاوانیان ئەنجامداوە لەژێر کاریگەریی سۆشیاڵ میدیا بوون

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شیراز رەئوف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لەنێو چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر ئەنجامدراوە، 75%ی ئەو منداڵانەی تاوانیان کردووە، لەژێر کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو کارەیان کردووە؛ هەروەها پلاتفۆرمی تیکتۆک بە پلەی یەکەم بۆ هاندانی منداڵان بۆ ئەنجامدانی تاوان دێت و پلاتفۆرمی سناپچاتیش لە پلەی یەکەم بۆ گێچەڵ پێکردنی منداڵان لە رەگەزی مێ دێت.
 
دڵان ئیسماعیل، ئەو توێژەرەی کە توێژینەوەکەی ئەنجامداوە، لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا کە نوێنەری فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، "توێژینەوەکەمان لەنێو چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر ئەنجامداوە و چاوپێکەوتنی رووبەڕوو لەگەڵ ئەو منداڵانە کراوە کە بەهۆی تێوەگلانیان لە تاوان لەنێو چاکسازییەکە راگیراون."
 
"تیکتۆک مەترسیدارترینە"
 
بە گوتەی دڵان ئیسماعیل، 75%ی ئەو منداڵانەی تاوانیان ئەنجامداوە بەرکەوتەی نێوەڕۆکی خراپ و نەشیاوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن و دەڵێت، "75%ی منداڵانی نێو چاکسازییەکان بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایتییەکانەوە تووشی تاوان بوون، بەشێک لەو منداڵانەش لەژێر کاریگەریی ڤیدیۆ و لایڤی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تاوانەکەیان ئەنجامداوە."
 
"بە پلەی یەکەم منداڵانی رەگەزی نێر (کوڕ) کە لە تاوان تێوەگلاون و لەنێو چاکسازییەکانن، بەهۆی پلاتفۆرمی (تیکتۆک) فێری تاوانکردن بوون،" دڵان ئیسماعیل لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەکەدا وای گوت.
 
ئەو لێکۆڵینڤانە گوتیشی، "بەشێک لە منداڵان لە لایڤی تیکتۆکەوە فێری جنێو و قسەی نەشیاو بوون. تەواوی ئەو منداڵانەی تاوانیان لەژێر کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە، لەلایەن خێزانەکانیانەوە هیچ چاودێری و سانسۆرێکی ئینتەرنێتیان لەسەر نەبووە."
 
هەر لەو توێژینەوەیەدا کە بە ناونیشانی "وشەی نەشیاو و رەفتاری تاوانکاری بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" لەنێو ئەو منداڵانە ئەنجامدراوە کە تاوانیان کردووە یان تاوانیان بەرامبەر ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە بەشێک لە منداڵان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی لایڤ و گرتەی ڤیدیۆیی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە مادە هۆشبەرەکان ئاشنا بوون.
 
"گێچەڵپێکردنی ئۆنلاین"
 
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی دیکە، کە لە زانکۆی سۆران لەبارەی گێچەڵپێکردن بە منداڵان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە گێچەڵپێکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاترە لە ژیانی ئاسایی و جیهانی ئۆنلاین ئاسانکاریی زۆری بۆ هەراسانکردن و گێچەڵپێکردن لە هەرێمی کوردستان کردووە.
 
پ. ی. د. کاروان کاکەبرا کە توێژینەوەکەی ئەنجامداوە، لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا گوتی، توێژینەوەکەیان لەسەر 446 منداڵ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پارێزگای هەولێر ئەنجامداوە و دەرکەوتووە، 40%ی منداڵان لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی گێچەڵ و هەراسانکردنی ئۆنلاین دەبنەوە.
 
"رەگەزی مێ (کچ) زیاتر دووچاری گێچەڵی ئۆنلاین دەبێتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەپێی توێژینەوە زانستییەکانیش دەرکەوتووە کە گێچەڵپێکردنی ئۆنلاین کاریگەرییەکانی بۆ درێژماوە لەسەر منداڵان دەمێنێتەوە و دەبێتە هۆی ترس و فۆبیا،" د. کاروان کاکەبرا وای گوت.
 
ئەو توێژەرەوە گوتیشی، "بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی لەنێو منداڵان بۆ چەند قۆناخێک دابەش دەبێت؛ قۆناخی بەکارهێنان، قۆناخی خراپ بەکارهێنان و سێیەم قۆناخی ئالوودەبوونە بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کە ئێستا ئەو قۆناخە لەنێو منداڵانی هەرێمی کوردستان لەبرەودایە."
 
"تیکتۆکچی و پەرلەمان"
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا د. کاروان کاکەبرا گوتی، "پێشنیازێکمان پێشکێش کردووە تاوەکو پشکنینی دەروونی بۆ بەربژێرەکانی پەرلەمان پێش بەربژێرکردنیان بکرێت، چونکە ئەگەر ببنە پەرلەمانتار دەبنە داڕێژەری یاسا و کاریگەرییان لەسەر تەواوی کۆمەڵگە دەبێت."
 
بە گوتەی د. کاروان کاکەبرا، "ئەگەر تیکتۆکچی ببێتە پەرلەمانتار، رەنگە بڕگەیەک بۆ یاسایەک زیاد بکات یان کەم بکاتەوە کە رەنگدانەوەی مەترسیداری لەسەر کۆمەڵگە و ناوەندە زانستییەکان هەبێت، رەنگە تیکتۆک بکەنە وانەیەک لە زانکۆ و کەسانی ئەکادیمیش ناچار بکەن پێوەی پابەند بن."
 
ئەو توێژەرە گوتیشی، "ئێستا کە هەرێمی کوردستان بەرەو هەڵبژاردن هەنگاو دەنێت و بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات، پێویستە خێزانەکان زۆر هۆشیاربن و منداڵان نەکەونە ژێر کاریگەریی گوتاری سیاسیی حیزبەکان. هێرش و ململانێی بەربژێرەکان دەبێتە گرفتی دەروونی بۆ منداڵان و گرفتی کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە بەشداریی خەڵک لە فێستیڤاڵەکە. وێنە: رووداو

فێستیڤاڵی پاییزەی دەربەندیخان بەڕێوەچوو؛ خواردن و کاری دەستی تێیدا نمایشکران و فرۆشران

رووناک محەممەد تەمەنی 51 ساڵە، لە سلێمانییەوە لەگەڵ کوڕ و کچەکانی چووەتە فێستیڤاڵی پاییزەی دەربەندیخان و شفتە، یاپراخ و شیرینی دەفرۆشن؛ جگە لە فێستیڤاڵەکان، لە ماڵەوەش کارە دەستییەکان و خواردنەکانیان دەفرۆشن