کشتوکاڵی دهۆک بۆ عەلوەکانی سلێمانی: 60 هەزار تۆن ترێمان هەیە و لە ساخکردنەوەیدا هاوکارمان بن

21-09-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە وەرزەکانی هاوین و پاییزدا چەند جۆرێک میوە لە هەرێمی کوردستان پێدەگەن و هاوردەکردنیان قەدەخە دەکرێت یان گومرگی زۆریان دەخرێتەسەر. بەرپرسێک لە عەلوەی سلێمانی دەڵێت، ئێستا جگە لە ترێ، میوەکانی دیکە گومرگیان لەسەر نەماوە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆکیش داوا دەکات، ترێی دهۆک ببرێتە سلێمانی و ساخبکرێتەوە.
 
هەنجیر، هەرمێ، قۆخ، هەڵوژە، سێو، ترێ، شووتی و کاڵەک لەو میوانەن کە لە وەرزی هاویندا پێدەگەن و هاوردەکردنیان باجی دەخرێتەسەر. سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جگە لە ترێ کە پێگەیشتنی لە سەرەتادایە، زۆرینەی میوەکانی دیکە گومرگیان لەسەر هەڵگیراوە، چونکە بەرهەمی خۆمان کەمبووەتەوە."
 
سەروەر عەلی گوتیشی، ترێ هێشتا لە شارباژێڕ و باڵەکایەتی بە تەواوی پێنەگەیشتووە؛ گوتیشی، "ترێ گومرگی لەسەرە، بەڵام ترێی سپی لە دەروازەی مونزیرییەوە هاوردە دەکرێت و رێگەی پێدەدرێت بگاتە بازاڕەکانی هەولێر و سلێمانی."
 
ساڵانە زۆرترین ترێ لە پارێزگای دهۆک بەرهەم دێت و لە رووی تام و رەنگیشەوە بەنێوبانگە. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکە دەڵێت، عەلوەکانی سلێمانی ترێی دهۆک نابەن و ترێی ئێرانی هاوردە دەکەن.
 
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "میوەی هاوینە هێشتا لە بازاڕدا ماوە، بەڵام کەمبووەتەوە، جگە لە ترێ."
 
ئەحمەد جەمیل گوتی، ترێ ساڵانە لە پارێزگای دهۆک دەگاتە 60 هەزار تۆن، بەڵام لە ساخکردنەوەیدا کێشە بۆ باخەوانان دروست دەبێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک گوتی، لەکاتی پێگەیشتنیدا ترێ هاوردە ناکرێت، چونکە ترێی دەرەوە رکابەری بەرهەمی خۆماڵی ناکات، بەڵام "ترێی ئێرانی هاوردەی سلێمانی دەکرێت."
 
ئەحمەد جەمیل ئاماژەی بەوەشکرد، نەتوانراوە پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان عەلوەکانی سلێمانی و دهۆک دروستبکرێت و ترێی پارێزگاکە ساخبکەنەوە؛ گوتیشی، "دەبوو عەلوەی سلێمانی ترێی نمرە یەکی دهۆک ببەن و بازاڕەکانی پێ پڕبکەنەوە و کێشەی ساخنەبوونەوە بۆ باخەوانانیش چارەسەر بکەن، نەوەک ترێی ئێرانی."
 
لەبارەی داواکەی کشتوکاڵی دهۆک، سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی، "راستە لە دهۆک ترێی سپییان هەیە، بەڵام خەڵکی سلێمانی کەمتر کڕیاری ئەو جۆرە ترێیەیە و زیاتر کڕیاری ترێی سپی کشمیشین و حەز بەو جۆرە ناکەن؛ لە سلێمانیش چەند باخەوانێک ئەو جۆرە ترێیەیان هەیە، بەڵام نرخەکەی نیوەی ترێی رەش نابێت."
 
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتیشی، "ئەگەر ئەو جۆرە ترێیە خواستی لەسەر بووایە، بە دڵنیاییەوە هاوردەمان دەکرد. لە کەڵەکەوە پەتاتە هاوردە دەکەین؛ بێگومان لە دهۆکیشەوە وامان دەکرد، ئەگەرنا هیچ هۆکارێکی دیکە نییە."
 
ئەو دەروازەیەی ئێستا رێگە بەهاوردەکردنی ترێ دەدات و لەگەڵ هێنانیدا رێگە دەدرێ ترێیەکە بگاتە سلێمانی و هەولێر، لە قەزای خانەقینە و لە رووی کاگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە