رووداو - دەربەندیخان
رووناک محەممەد تەمەنی 51 ساڵە، لە سلێمانییەوە لەگەڵ کوڕ و کچەکانی چووەتە فێستیڤاڵی پاییزەی دەربەندیخان و شفتە، یاپراخ و شیرینی دەفرۆشن؛ جگە لە فێستیڤاڵەکان، لە ماڵەوەش کارە دەستییەکان و خواردنەکانیان دەفرۆشن.
رووناک محەممەد، خاوەنکار دەڵێت، "ئەگەر من ئێستا نەیەمە ئێرە، خەڵک چوزانێ من چی دەکەم؟ ئەگەر هاتمە ئێرە، شتەکەم خۆش بێت، خەڵک رەقەمم لێوەردەگرن و دەڵێن، بۆم دروست بکە و بۆم بنێرە. شت چنین بێ یان دروستکردنی خواردن بێت، سوودی هەیە."
زۆرینەی خاوەن کارەکان فێستیڤاڵەکان بە دەرفەت دەزانن بۆ ناساندنی خۆیان و بەرهەمەکانیان. نیگار عەزیز، خاوەنکار گوتی، "بەشداریمان کردووە لە هەموو فێستیڤاڵەکان. گرنگییەکەی ئەوەیە، دەرامەتەکەی باشە، ئیشێکی باشە بۆ ئێمە."
روخۆش محەممەد، خاوەنکار ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم فێستیڤاڵانە دەرفەتێکی باشن. بێنە دەرەوە، ئیش بکەین، من جگە لە ئیشی رەنگکردنی دەموچاو، تابلۆکێشم."
هاونیشتمانییان جگە لە شت کڕین، فێستیڤاڵەکان بە شوێنی کات بەسەربردن و بەسەربردنی پشووەکانیان دادەنێن.
شکار محەممەد، دەرچووی زانکۆ دەڵێت، "ئەم فێستیڤاڵە گرنگیی ئەوەیە، ئەوانەی خاوەن بەهرەن و فرۆشیارن، دەتوانن لێرە بەرهەمەکانیان بفرۆشن، دەرفەتێکی باشە ئێمەش بە درێژایی هاوین لە ماڵەوە بووین، لێرە کاتێک بەسەرببەین."
بەرسین سلێمان، قوتابی پێیوایە، "ئەمە بۆ دەروونی خەڵکیش گرنگە، ئەم فێستیڤاڵانە ساڵانە ئەنجام بدرێت، بەتایبەتی لە وەرزی پاییزدا لە هەموو شارەکان هەیە بۆ بەبازاڕکردن و ناساندنی کارەکانی خانمان."
فێستیڤاڵەکە 20ی ئەیلوولی 2024 لە قەزای دەربەندیخان دەستیپێکرد، تەنها بۆ ماوەی یەک رۆژ بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ