نەخۆشێک لە پارێزگای سێرتی باکووری کوردستان پشکنینی بۆ نەکرا؛ "هۆکار ئەوەیە تورکی نازانێت"

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژنێکی کورد لە نەخۆشخانەی سێرتی باکووری کوردستان پشکنینی بۆ نەکرا و کوڕەکەی دەڵێت، هۆکارەکەی ئەوە بوو "زمانی تورکی نەزانیوە." دەم پارتی رەخنە لە حکومەت دەگرێت و پەرلەمانتارێکی جەهەپەش داوای روونکردنەوە لە وەزیری تەندروستیی تورکیا دەکات.
 
رۆژی 17ی ئەیلوولی 2024 ژنێکی کورد بەناوی فاتمە سومەلی بەهۆی نەخۆشکەوتنیەوە بۆ پشکنینی گوێ و قوڕگ و لووتی، سەردانی نەخۆشخانەی فێرکاریی سێرتی لە باکووری کوردستان کرد، بەڵام پشکنینی SRT بۆ نەکرا، کە تایبەتە بە گوێگرتن و دەنگ.
 
عەباس سومەلی، کوڕی فاتمە رایگەیاند، کارمەندی کورد لە نەخۆشخانەکەدا هەبوون، بەڵام پزیشکەکان ئامادە نەبوون پشکنینی SRT بۆ دایکی بکەن و "داوایان لێکردین سەردانی نەخۆشخانەی گشتیی ئامەد بکەین. لەسەر رەچەتەی پشکنینەکە پزیشکەکە نوسیبووی، (بەهۆی ئەوەی زمانی تورکی نازانێت، پشکنینی SRT بۆ نەکرا و پشکنین بۆ ئاستی گوێگرتن نەزاندرا)."
 
دەم پارتی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رەخنەی تووندی ئاراستەی پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکە و حکومەتی تورکیا کرد.
 
هاوکات رۆژی هەینی 20ی ئەیلوول سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری کوردی فراکسیۆنی جەهەپە لە بازنەی ئامەد، لە رێگەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە پرسیاری ئاراستەی کەمال مەمیشئۆغڵو، وەزیری تەندروستی تورکیا کرد و تێیدا داوای روونکردنەوەی پێویستی لەسەر رووداوەکە لێکرد.
 
سەزگین تانریکوڵو داوای کردووە زانیاری پێ بدرێت لەبارەی ئەوەی هەمان مامەڵە لەگەڵ چەند نەخۆشی دیکەدا کراوە و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە دەبێت لە باکووری کوردستاندا ئەو کارمەندانەی لە نەخۆشخانەکان دادەمەزرێن هەردوو زمان بزانن بۆ هاوکاریکردنی ئەو نەخۆشانەی تورکی نازانن.
 
سەزگین تانریکوڵو باسی لەوەشکردووە کە پێویستە لێکۆڵینەوە لەو رووداوەدا بکرێت و سزای ئەو کەسانە بدرێت کەمتەرخەمییان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە