رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەڵێت، هەر خوێندکارێکی کەرکووکی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان خوێندکار بێت، دەتوانێت خوێندنەکەی بۆ زانکۆی کەرکووک بگوازێتەوە. نوێنەری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە کەرکووک دەڵێت، بڕیارەکە چاک نەکرێت، هیچ خوێندکارێکی کەرکووکی ناچێتەوە شارەکەی.
شێرزاد سەعید، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی ناوچە دابڕاوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوو ساڵە خوێندنی باڵای عێراق خوێندکارانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی وەرنەگرتووەتەوە.
بە گوتەی شێرزاد سەعید، "ئێستا وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بڕیاریداوە خوێندکاران لە هەرێمی کوردستانەوە بە گواستنەوە وەربگرێت، بەتایبەت بۆ خەڵکی کەرکووک، بەڵام لەمپەریشی داناوە."
بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، ئەو خوێندکارەی لە هەرێمی کوردستانەوە بیەوێت خوێندنەکەی بگوازرێتەوە بۆ کەرکووک، دەبێت نمرەی هاوشێوەی نمرەی وەرگیراوی ئەو کۆلێژە بێت بۆی دەچێت.
شێرزاد سەعید هاوشێوەبوونی نمرە بە خراپ دەزانێت و دەڵێت، "عێراق دەڵێت، ئەگەر کۆلێژی پزیشکیی کەرکووک کۆنمرەی 99.5ی وەرگرتبێت، لە هەولێر هەمان کۆلێژ 99ی وەرگرتبێت، ئەوەی کەرکووک بە پاساوی هاوتانەبوونی نمرە ئامادە نابێت خوێندکارەکە وەربگرێت."
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی ناوچە دابراوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بڕیارە جێگەی پەسندی ئەوان نییە و داوایان کردووە، ئەگەر کەسێک ساڵی رابردوو لە زانکۆیەکی هەرێمی کوردستان خوێندبێتی، بۆ قۆناخی دووەم هەمان کۆلێژی کەرکووک وەریبگرێت.
شێرزاد سەعید ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر داواکەیان جێبەجێ نەکرێت، ئەم ساڵ یەک خوێندکار لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستانەوە ناگوازنەوە بۆ کەرکووک.
نووسینگەی کەرکووکی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە رێگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و نوێنەرانی کوردەوە دەیانەوێت ئەو مەرجەی خوێندنی باڵای عیراق هەڵبووەشێننەوە. شێرزاد سەعید دەڵێت، "بۆ هیچ زانکۆیەکی دیکەی عێراق ئەو مەرجە نییە و ئەو مەرجە تەنیا بۆ ئەوانەی هەرێمی کوردستانە."
پێچەوانەی بڕیارەکەی عێراق، وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئامادەیە بە وەرگرتنی خوێندکارانی زانکۆکانی دیکەی عێراق بە گوێرەی رێنماییەکان و کۆنمرەی نەکردووەتە مەرج بۆ وەرگرتنی خوێندکار.
ساڵانە لە کاتی کردنەوەی زانکۆلایندا، لە سنووری پارێزگای کەرکووک زۆرینەی خوێندکارانی خوێندنی کوردی داواکاری پێشکێش دەکەن و لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن و بەشێکیان دەیانەوێت دوای ساڵێک یان زیاتر، خوێندنەکەیان بگوازنەوە بۆ کەرکووک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ