رووداو - خانەقین
کرێکارێکی کارگەی خشت لە خانەقین، لەناو ئەو کورەی کاری تێدا دەکات پلەی گەرما 700 پلەی سیلیزییە و لە دەرەوەی کورەکەش 48 پلەیە؛ دەڵێت، لە ماڵەوە کارەبا و خزمەتگوزارییش کەمە.
حەیدەر ستار، کرێکار ساڵێکە لەو کارگەیە کار دەکات، بەڵام ئێستا گەرما تەقەتی لێ بڕیوە و دەڵێت، "بەڕاستی زۆر گەرمە، ئێمە وەکو کرێکار گەرماکە زۆرە لەسەرمان، وەکو کرێکارێک لەم مەعمەل تابوقە، پاشان لە ماڵەوەش کارەبا کەمە و خەدەمات کەمە، بەتایبەت لە شەوان شوێنێکش نییە بۆی بڕۆین."
خانەقین دەکەوێتە باکووری پارێزگای دیالە لە عێراق؛ لە کاژێرەکانی نیوەی رۆژدا (نیوەڕوان) بەهۆی بەرزیی پلەی گەرماوە زۆرینەی دووکانەکان دادەخرێن.
ئیبراهیم خەلیل، فەرمانبەر دەڵێت، "ئێمە لە تەممووزدا لە خانەقین لە بان خانەقین دەخەوتین، ئێستا ئەوەنە گەرمە گیانمان سووتاوە، چونکە باخ نەماوە، جاران خانەقین شارێک بوو چواردەوری باخ بوو، شەوانە دنیا فێنک بوو، ئێستا وانیە، سەیرکە گشت گیانمان سووتاوە، پێستم هەمووی سووتاوە."
عەباس حەمید، نانەوا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمساڵ لە پارەکە گەرمترە، لێرە 2000 نان دەردەکەین، سووتاین، خۆم لە تەنوورەکە گەرمترم خوا شایەتە."
بەپێی ئاماری کەشناسیی خانەقین، ساڵی پار خانەقین دووەم گەرمترین ناوچە بوو لە جیهان؛ ئەمساڵیش 49,5ی تۆمار کردووە.
رەغد تارق، دەرچووی زانکۆ بۆ یەکەمجار بە خێزانی بۆ گەشت چووە خانەقین، بەڵام دەڵێت، "لە بەغداوە بۆ گەشت هاتووم، پێموابوو جیاوازی لەنێوان بەغدا و خانەقین لە پلەکانی گەرما هەیە، بەڵام دەرکەوت کە جیاوازیی نییە، بۆیە باشترە بۆ هەولێر بڕۆین، رەنگە ئەوێ باشتر بێت."
کەشوهەوای جیهان ساڵ بە ساڵ لە گۆڕاندایە؛ بەپێی ئاماری کەشناسیی عێراق لە 32 ساڵی رابردوودا عێراق دوو پلە گەرمتر بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ