مەسرور بارزانی: ئومێدەوارم جەژن ببێتە مایەی پەرەپێدانی ئاشتەوایی لەنێوان پێکهاتەکان و گشت گەلی کوردستان

20-04-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هیوادارە ئەم جەژنە ببێتە مایەی خۆشی و خۆشگوزەرانی و پەرەپێدانی ئاشتەوایی و تەبایی لە نێوان گشت پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی لە جیهان.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20-04-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا پیرۆزبایی جەژنی رەمەزانی لە موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان کرد و گوتی، "بەتایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. هیوادارم لە خۆشی و شادی و کەشێکی ئارامدا رۆژانی جەژن بەسەر ببەن."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتەکە کۆبووەوە و بە پشتبەستن بە بەڵگە شەرعییەکان، مانگ لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بیندراوە، بۆیە بڕیاردارا سبەی هەینی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان بێت.
 
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا دەشڵێت، هیوادارا "ئەم جەژنە، ببێتە مایەی خۆشی و خۆشگوزەرانی و پەرەپێدانی ئاشتەوایی و تەبایی لە نێوان گشت پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی لە جیهان."
 
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:  
 
بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم، بەتایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەس وکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. هیوادارم لە خۆشی و شادی و کەشێکی ئارامدا ڕۆژانی جەژن بەسەر ببەن.
 
بە ئومێدی ئەوەی ئەم جەژنە، ببێتە مایەی خۆشی و خۆشگوزەرانی و پەرەپێدانی ئاشتەوایی و تەبایی لە نێوان گشت پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی لە جیهان. جەژنتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە خۆشیدا بن.
 
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە