ڤیدیۆ؛ هاوژینی پێشڕەو دزەیی چیرۆکی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ماڵەکەیان دەگێڕێتەوە

20-01-2024
نازەنین گۆران
هانا جووتیار، هاوژینی پێشڕەو دزەیی
هانا جووتیار، هاوژینی پێشڕەو دزەیی
نیشانەکردن هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هانا جووتیار هاوژینی پێشرەو دزەیی، ئەو پیاوە سەرمایەدارەی بە مووشەکی سوپای پاسداران کرایە ئامانج، لەبارەی میوانەکانیان لە شەوی رووداوەکە رایگەیاند، "تەنیا یەک میوانمان هەبوو ئەویش کاک کەرەم بوو، هاورێی پێشڕەو بوو، لەکاتی رووداوەکە لەگەڵ کوڕە گەورەکەم و کارگوزارێک لە نهۆمی خوارەوە بوون."
 
هانا جووتیار، هاوژینی پێشڕەو دزەیی لەکاتی سەردانی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ نەخۆشخانە لەبارەی رووداوەکە پێی راگەیاندن، "دوو منداڵم هەیە کچێک و کوڕێک، ئەوان لەگەڵ دایەنەکەیان لە ژووری خۆیان بوون، واتا لە نهۆمی سەرەوە ئێمە پێنج کەس بووین."
 
لەبارەی پێشڕەوی هاوژینی، هانا جووتیار دەڵێت، "پێشڕەوی هاوسەریشم لە نهۆمی خوارەوە بوو میوانێکی هەبوو کە هاوڕێی بوو ناوی کاک کەرەم بوو، ئەو کەسێکی ناسراوە لە بەغدا، کورە گەوڕەکەم رۆژ، لەگەڵیان بوو، واتا سێ کەس لە نهۆمی خوارەوە بوون لەگەڵ کەسێکی کارگوزار."
 
بە گوتەی هانا جووتیار، بە یەکێک لە کارگوزارەکان بە ناوی ئارلی گوتووە، بچێتە خوارەوە بۆ لای هاوسەرەکەی و میوانەکەیان، ئەوان نانیان خواردووە و لای ئەوان بمێنێتەوە و ئەویش پێ گووتووە باشە خانم دەچم. 
 
هانا جووتیار کە پزیشکی ددانە دەڵێت، "دوای ئەوەی ئەو قسەیەم بۆ کارگوزارەکە کرد ئەوەندەم زانی لە پڕ بنمیچەکەم بینی دادەبەزی، زۆر زۆر دابەزی نەک یەکجار دابەزێت، گوێم لە دەنگی قورئان بوو نازانم چی ئایەتێک بوو، شەهادەم هێنا و گوتم، خوایە یارمەتیمان بدە، دواتر گوێم لە دەنگێک بوو گوتی، دکتۆرە دکتۆرە من پزیشکی ددانم، گوتیان هاوکاریمان بکە و قاچت درێژ بکە و دواتر خۆم لە ئەمبۆڵانس بینی، ئەوە هەموو شتێکە."
 
هاوژینی پێشڕەو دزەیی دەڵێت، "ئەو رۆژە هەموو شتێک لە ماڵەکە باش بوو باوکی رۆژ کاژێر 5:30 بۆ 6:00 وەرزشی کرد، واتا هیچ شتێک نەبوو منیش منداڵەکانم خەواند و خۆشم بەخەبەربووم ئەویش میوانی هەبوو، ئەوە هەموو چیرۆکەکە بوو براکەم، ئێمە بە خێزانی لەوێ دەژین تەنیا مەگەر بۆ خوێندن بچینە دوبەی و دەگەڕیێنەوە چونکە ئەوە ماڵی ئێمە بوو."
 
کاژێر 11:30 خوولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە مووشەک هێرش کرایە سەر شاری هەولێر و بەو هۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16ـی دیکە بریندار بوون. 
 
هەر دوای رووداوەکە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەوان هێرشەکەیان کردووە و ژمارەیەک شوێنیان کردووەتە ئامانج کە "بنکەی تیرۆریستی" و "گرووپە دژبەرەکانی ئێران" بوون.
 
یەکێک لەو شوێنانەی کرایە ئامانج، ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی، سەرۆکی گرووپی فاڵکۆن بوو، کە لەگەڵ کچە بچووکەکەی، میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا. 
 
هەر لە هێرشەکەدا هانا جووتیار، کە هاوژینی پێشڕەوە، لەگەڵ رەوان پێشڕەو تەمەن حەوت ساڵ و رۆژ پێشڕەو، کە تەمەنی 25 ساڵە و لەگەڵ باوکی کاری دەکرد، بریندار بوون.
 
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق (سێشەممە، 16-1-2024) رایگەیاند،  لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوە چوونەتە ماڵی ئەو سەرمایەدارەی شەوی رابردوو لە هەولێر بەئامانج کرا، "دەرکەوت بانگەشەکانی باس لەوە دەکەن بارەگای مۆسادە، راست نین."
 
ئەعرەجی لە راگەیێندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە لەوەی "لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین لە کۆبوونەوەکانمان لەمبارەیەوە و راپۆرتی خۆمان بۆ فەرماندەی گشتی بەرزدەکەینەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە