لە سنووری مەریوان کۆڵبەرێک کوژرا

19-12-2023
سینا سۆما
نیشانەکردن کۆڵبەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆڵبەرێکی خەڵکی ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە و دانیشتووی شاری مەریوان، لەسەر سنووری نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران کوژرا.
 
بەپێی زانیارییە خۆجێییەکان، رۆژی دووشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە سنووری مەریوان تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی عەلی قادری، تەمەن 52 ساڵ و خەڵکی گوندی زەنووری ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە کوژراوە.
 
ئەو کۆڵبەرە، باوکی چوار منداڵ بووە، لە ناوچەی سنووریی ئاسناوا و مەرانەی شاری مەریوان تەقەی لێکراوە. بەپێی زانیارییەکان چەند گوللەیەک بە سنگی کەوتوون و بەهۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. 
 
کوشتنی ئەو کۆڵبەرە لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە، 13-12-2023، حەبیب رەزایی، کۆڵبەرێکی تەمەن 52 ساڵ و خەڵکی گوندی "عەلی یەعقووبی شاری جوانڕۆ کە پێشتر بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران بریندار کرابوو، پاش 17 رۆژ  مانەوە لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
بەپێی راپۆرتی کۆڵبەر نیوز، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 13 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بە هۆکاری جیاواز گیانیان لەدەستداوە، 72 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون. 
 
قاسم رەزایی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئێران، رۆژی 22-10-2023 لە سەردانێکدا بۆ شاری سنووریی پاوە لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاندبوو "کۆڵبەری، کارێکی نایاساییە و لە ئەگەری هەر هاتووچۆیەکی نایاسایی لە سنوورەکان، هێزەکانی پاسەوانیی سنووری ئێران رووبەڕووی دەبنەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە