هێزی پاسەوانی سنووری ئێران دەست بەسەر باری 200 کۆڵبەردا دەگرێت

14-03-2024
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن کۆڵبەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە ماوەی شەو و رۆژی رابردوودا، چەندین کۆڵبەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بریندار بوون و گیانیان لەدەستداوە و کەلوپەلی نزیکەی 200 کۆڵبەریش لە سنووری نەوسوود لەلایەن هێزی پاسەوانی سنووری ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
 
شەوی 09-03-2024 لە نزیک گوندی کۆڵان سەر بە شاری مەریوان هێزە سەربازییەکانی حکومەتی ئێران کەوتبوونە شوێن ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری کۆڵبەرەکان و تەقەیان لێی کردبوو و بەم هۆیەوە ئۆتۆمبیلەکەیان وەرگەڕابوو. 
 
لەو رووداوەدا دوو کۆڵبەر بریندار بوون و شۆفێری ئۆتۆمبیلەکە بە ناوی ئارام مەنوچەری و دانیشتووی شاری مەریوان، گیانی لەدەستدا و دوو کۆڵبەریش کە لەگەڵیدا بوون، بریندار بوون. سەیوان باتر، کۆڵبەری خەڵکی گوندی گاگل سەر بە شاری مەریوان، کە لە رووداوەکە بریندار ببوو، دوێنێ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە گیانی لەدەستدا.
 
هەروەها رۆژی 12-03-2024 لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشاریش هێزی پاسەوانی سنووری ئێران تەقەیان لە کۆڵبەرێک بە ناوی "محەممەد گەنجە" کرد و گیانی لەدەستدا. محەممەد گەنجە تەمەنی 35 ساڵ بوو، خێزاندار بوو و منداڵێکی هەیە.
 
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود سەر بە پارێزگای کرماشان، دوو کۆڵبەری خەڵکی جوانڕۆ بە تەقەی هێزەکانی ئێران بریندار بوون. تەندروستیی یەکێک لەو کۆڵبەرانە بە ناوی فارووق سەیدی ناجێگیرە.
 
شەوی 12-03-2024 کۆڵبەرێکی خەڵکی ناوچەی داڵاهوو، لە پارێزگای کرماشان، لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود بە تەقەی هێزی پاسەوانی سنووری ئێران بریندار بوو.
 
هەر شەوی سێشەممە لە ناوچەی نەوسوود هێزە پاسەوانی سنووری ئێران، کۆڵبەرێکیان بە ناوی خەبات فەرەجی، خەڵکی گوندی هەشەمێز سەر بە شاری سنە، دەستبەسەر کردووە و لێیانداوە و بەم هۆیەوە بریندار بووە.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەوی چوارشەممە هێزی پاسەوانی سنووری ئێران لە ناوچەی سنووری نەوسوود تەقەیان لە کۆڵبەرەکان کردووە و دوای ئەوە دەستیان بەسەر کەلوپەلی 200 کۆڵبەردا گرتووە.
 
کۆڵبەرەکان زیاتر کەلوپەلی نێوماڵ و جلوبەرگ دەگوازنەوە و خۆشیان خاوەنی بارەکانیان نین، بەڵکو کەلوپەلی بازرگانەکانن و کۆڵبەرەکان لەپێناو بڕە پارەیەک لە سنوور بۆیان ئاودیوی رۆژهەڵاتی کوردستانی دەکەن.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵی 2023ـدا 37 کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و 320 کەسی دیکەشیان بە هۆکاری جیاواز بریندار بوون. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

12-11-2024 2

نێچیرڤان بارزانی: پیرۆزبایی لە حکومەت و گەلی ئازەربایجان دەکەم بۆ میوانداریکردنی لووتکەیەکی سەرکەوتوو

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی ئازەربایجان دەکات لە بەرامبەر بانگهێشتکردنی بۆ کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە کەشوهەوا ناسراو بە کۆپ 29، کۆنفرانسەکەش بە سەرکەوتوو و باش رێکخراو ناودەبات.