دەرهێنەرى 'داستانی کوردستان': سەرۆک بارزانى و نێچیرڤان بارزانی خۆیان داوای بینینی شانۆگەرییەکەیان کردبوو

19-09-2024
ناسر عەلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە ماوەی شەش رۆژی نمایشی شانۆگەریی داستانی کوردستاندا لە دهۆک، رۆژانە هۆڵی شانۆگەرییەکە پڕدەبوو لە هەوادارانی شانۆ و زیاتر لە سێ هەزار کەس شانۆکەیان بینیوە. دەرهێنەرى شانۆگەرییەکە دەڵێت، پێشبینیان نەدەکرد بەم شێوەیە پێشوازى لە بەرهەمەکەیان بکرێت.
 
لە رۆژانی 11 تا 17ی ئەیلوول بەبەشداریی زیاتر لە 200 هونەرمەند و شاعیرى دیارى دهۆک شانۆگەریى "داستانى کوردستان" نمایشکرا، پۆدکاستى ئەم جارەى بەکاتى دهۆک تایبەت بوو بە نمایشی ئەو شانۆگەرییە و کاردانەوەکانی لەلای هەوادارانی شانۆ.
 
هەڵکەوت ئیدریس، نووسەرى شانۆگەریى داستانى کوردستان بە رووداوی گوت: "ساڵ و نیوێک پێش ئێستا کاتێک لەگەڵ هونەرمەند ئەحمەد مشتەختی بیرۆکەی شانۆکەمان لەلا دروستبوو، دوو وەبەرهێنەری شارەکە ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ ئەوەی پاڵپشتی دارایی پرۆژەکەمان بکەن و ئەوەبوو بە هەوڵی هەموو لایەک توانرا شانۆگەرییەکە بەسەرکەوتوویی نمایش بکرێت کە ئێمە پێشبینیمان نەدەکرد ئاوا پێشوازی لێبکرێت."
 
لەبارەی جێبەجێکردنی دەقی نووسینەکە وەکو خۆی، هەڵکەوت ئیدریس دەڵێت، تێکستی "داستانی کوردستان" زۆر زیاترە لەوەی پێشکێشکراوە، بەڵام بۆ دەقە شانۆییەکە، هەوڵمدا دەقێکی کورتتری لێ دەربهێنم و هەمووی وەکو خۆی پێشکێشکراوە.
 
یەکێک لەو پرسانەی لە هەر بەرهەمێکی هونەری دەبێتە ئاستەنگ بۆ هونەرمەندان، پاڵپشتی و پشتگیری داراییە بۆ کارە هونەرییەکان، نووسەری شانۆگەریى "داستانى کوردستان" دەڵێت: "جگە لەو دوو وەبەرهێنەرەی شاری دهۆک لە کۆمپانیاى پلنک هیچ کەسێکى دیکە هاوکاری نەکردووین."
 
هەریەک لە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لەو کەسانە بوون کە چوونە دهۆک بۆ تەماشاکردنی شانۆگەریی داستانی کوردستان، ئەحمەد مشتەختى دەرهێنەرى شانۆگەرییەکە دەڵێت: "هەریەک لە سەرۆک بارزانی و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، خۆیان داوایانکرد بێن بۆ تاماشاکردنی شانۆگەرییەکە. بۆیە 'داستانى کوردستان' هى هەموو کوردستانە، هەر سەرکردەیەکى دیکە لە هەر لایەنێکی سیاسیی باشووری کوردستان یان پارچەکانى دیکەى کوردستان داوایانکردبا بێن تەماشا بکەن، دەرگە کراوە بووە."
 
دەرهێنەرى شانوگەرییەکە دەشڵێت، ئەو پێشوازییە گەرمەی خەڵک بۆ بەرهەمەکەیان شتێکی مێژوویی بووە و لە دیرۆکی شانۆى دهۆکدا نەبووە شەش رۆژ لەسەر یەک هەموو رۆژێک هۆڵەکە بەم شێوەیە پڕ بێت لە بینەری شانۆ.
 
لەبارەی پشتگیری بۆ بەرهەمی هونەری دیکە. ئەحمەد مشتەختی دەڵێت: "هەردوو وەبەرهێنەرى گەنج، دیندار ئیبراهیم و عەلى ئیبراهیم ئامادەى خۆیان نیشانداوە کە هەر کارێکى دیکەى نیشتمانى هەبێت ئەوان ئامادەن پشگیرى بکەن."

 

 
بینینیی شانۆگەریی "داستانی کوردستان" بەبێ بەرامبەرە، دەرهێنەری شانۆکە دەڵێت: "ئێمە شانۆگەرییەکەمان وەکو پرسێکی نیشتمانی تەماشاکردووە، بۆیە حەزمان کرد هەموو کەسێک مەبەستی بێت بەبێ بەرامبەر تەماشای بکات، ئەوە داواکاریی دوو وەبەرهێنەرەکەش بوو."
 
لەبارەی نمایشکردنی شانۆگەرییەکە لە شارەکانی دیکە، ئەحمەد مشتەختی دەڵێت: "هێشتا هیچ بڕیارێک نییە کە لە شارەکانى دیکە نمایشی بکەین، تاوەکو لەگەڵ هەموو ئەکتەرەکان قسە نەکەین، ناتوانین ئەو بڕیارە بدەین."
 
راهێنان و پرۆڤەکردن بۆ شانۆگەریی "داستانی کوردستان" ماوەی زیاتر لە ساڵێک و حەوت مانگی خایاند، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە دەڵێت، "200 هونەرمەند و شانۆکار بۆ ماوەی ساڵێک و حەوت مانگ پێکەوە بۆ ئامانجێک رۆژانە کار بکەن و هەوڵبدەن بێگومان یادگاری خۆش و ناخۆش دروست دەبێت، ئەکتەری کچ هەبوو ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و دواتر بە منداڵەکەیەوە هاتووە بۆ راهێنان، ئەکتەر هەبوون دایک و باوکیان دەمردن و چەندین رۆژ نەدەهاتن، ئەو هەموو رووداوانە کاریگەریی لەسەر ئەکتەرەکان هەبوو و هەندێکجار وایلێهات هاوکاران دەیانگوت، زوو کۆتایى پێبهێنن، دایک و باوکى ئێمە هەموویان مردن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو.

دوای پێنج کاژێر لە دەستگیرکردنیان تیمەکەی رووداو لە مەخموور ئازادکران

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو لە کاتی رووماڵ دا و لە بازگەی مەخموور، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکران.