هەولێر دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەڵێت، یەکێتی "سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە" و, لە ناوچە دابڕێندراوەکان دەبێتە هێزی یەکەم.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 19ـی کانوونی یەکەمی 2023) پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 10:00 میوانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو. لەبارەی دوایین ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند "کورد بە جۆشوخرۆشەوە چووە سەر سندووقەکانی دەنگدان، توانی کوردستانیبوونی کەرکووک، ناوچە دابڕێندراوەکانی کورد بسەلمێنێت و هاوکات توانی ئەو سەرکەوتنە گەورەیە بەدەستبهێنێت."
لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکان و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت "ئێمە، لەگەڵ برادەرانی پارتی دوژمنی یەکدی نین، ئێمە مونافسی یەکین؛ دوو هێزی کوردستانین کە پێکەوە لە حکومەتێکداین؛ لە زۆر شتدا ئامانجەکانمان هاوبەشن؛ هەموو کاتێ یەکێتی لەگەڵ ئەوەیە هەموو هێزە کوردستانییەکان (نەک تەنیا پارتی) رێکبکەوێت. هەموو کاتێک دەرگامان کراوە بووە و دەستمان بۆ تەبایی، بۆ پێکەوە کارکردن و یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد، درێژ کردووە. بۆ ئەو مەبەستە چەندین جار پڕۆژەشمان پێشکەش کردووە، سەرۆکی یەکێتی لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە؛ دەستمان درێژ کردووە بۆ هەموو لایەکانی دیکە، تاوەکو بتوانین کار بکەین؛ بۆ ئەوەی لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکاندا بتوانین باشتر بەرگری لە مافەکانی خەڵک بکەین. "
راکان سەعید، کە ناسراوە بە راکان جبووری، شەش ساڵی رابردوو بە وەکالەت پۆستی پارێزگاری کەرکووکی وەرگرتبوو. پۆڵا سیروان تاڵەبانی لەبارەی پرسی پارێزگارەوە بە رووداوی گوت "بوونی پارێزگارێکی کورد لە کەرکووک، مافی کوردە. هەروەها کورد وەکو گەورەترین نەتەوە لەو ناوچانە مافی خۆیەتی پارێزگارێکی کوردی هەبێت. سەبارەت بەو بابەتە پێویستە واقعی کەرکووک بخوێندرێتەوە کە نەتەوەی دیکەش لە کەرکووک و ناوچەکاندا هەن؛ ئێمە هەموو کاتێک لەگەڵ ئەوەدا بووین مافی نەتەوەکانی دیکەش پارێزراو بێت. بەگوێرەی قەبارەی خۆیان و پێگەی خۆیان، ئەوانیش لە هەموو پێکهاتەکان ئیدارەی شارەکە خۆیان بکەن. هەموو لایەنەکان پێگە و شایستەی خۆیان هەبێت. بۆ مەبەستی دانانی پارێزگار پێویستە لەگەڵ لایەنەلان کۆببینەوە و رێکبکەوین."
بە گوتەی پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرینەی کورسییەکانی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان یەکێتی بەدەستیان دەهێنێت، دەڵێت "یەکێتی نیشتمانیی کوردستان زۆرینەی کورسییەکان بەدەستدەهێنێت و تموحی زۆرترین ژمارەی دەنگی هەڵبژاردنمان هەیە. بەلایەنی کەمەوە، بەپێی شایستەی خۆمان، ئێمە لەسەدا 65 تا 70ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنین. پێشبینی دەکەین لە شەش و حەوت کورسی کەمتر بەدەستنەهێنین."
خەڵک بە گشتی و لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت گلەیی و گازەندەیان لە شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەبووە، پۆڵا سیروان لەو بارەوە دەڵێت "بێگومان گلەییمان لەسەر بابەتە هونەرییەکانی هەڵبژاردن هەبوو، بۆ نموونە نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و نەخوێندنەوەی کارتی دەنگدەران، کێشە و گرفتی زۆر بوون، نیگەرانییەکی زۆریشی لێکەوتەوە. خەڵکی زۆر بەهۆی ئەو کێشەیەوە لە دەنگدان بێبەش بوو، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی دەنگی کورد بفەوتێت."
لە پارێزگای نەینەوا، لە کۆی 59 هەزار و 602 دەنگی جیاکراوە، بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، پارتی 53 هەزار و 549، یەکێتی 6 هەزار و 53 دەنگیان بەدەست هێناوە. ئەگەر بە رێژەی سەدیش هەژمار بکرێت، پارتی 89.84% و یەکێتی 10.16%ـی بەدەستهێناوە. ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی لەو بارەوە دەڵێت "بەتەواوی دەنگەکان جیانەکراونەتەوە، تمووحمان هەیە لە نەینەوایش دوو کورسی بەدەست بهێنین. ئەمجارە سەرکردەکانی یەکێتی و کادرانی یەکێتی و جەماوەری یەکێتی، هەمووی بەوپەڕی هەستی بەرپرسیارییەوە، لە هەڵمەتی بانگەشە و کۆکردنەوەی دەنگەوە، هیمەت و پشتیوانییان کرد. ئەوانەی گلەیی و گازەندەشیان هەبووە و لە دەرەوەی ئۆرگانەکان بوون، زۆر دڵسۆزانە کاریان کردووە."
تائێستا ئەنجامی فەرمی رانەگەیێندراوە و، بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 17:00 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی فەرمی رابگەیێنێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک کەوتوون، بەپێی ئەنجامی هەزار و 417
وێستگەی دەنگدان لە ناوەندی کەرکووک، ئەنجامەکان بەمجۆرە بوون:
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 132،481 دەنگ
پارتی دیموکراتی کوردستان: 44،798 دەنگ
نەوەی نوێ: 23،548 دەنگ
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو، لە کۆی گشتی دەنگەکاندا لە سنووری پارێزگای کەرکووک، بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکان، دەنگەکان بەمشێوەیە بووە:
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: زیاتر لە 155 هەزار دەنگ
پارتی دیموکراتی کوردستان: 49 هەزار دەنگ
نەوەی نوێ: نزیکەی 25 هەزار دەنگ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ