رووداو دیجیتاڵ
شارەزایانی کەشناسی دەڵێن، تاوەکو ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان پەڵەی تەواوی نەداوە. ئەندازیارێکی کشتوکاڵیش لە هەولێر باس لەوە دەکات، بارانێکی دیکەی وەک 24 کاژێری رابردوو ببارێت، پەڵە دەدات.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ (شەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین، بارانی باش باریوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ پەڵەی نەداوە."
ئەو کەشناسە گوتی، لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی ئەو دوو پارێزگایە کەمتر باران باریوە؛ گوتیشی، "کۆتایی ئەم مانگە، شەپۆلێکی سەرتاسەریی باران هەیە. ئەگەر گۆڕانکاری تێیدا نەبێت، لە هەموو ناوچەکان پەڵە دەدات."
بارانی پەڵە بەو بارانە دەگوترێت کە هێندە زەوی پاراو دەکات، دەتوانرێت بکێڵدرێت بۆ دانەوێڵە. کەشناسان دەڵێن، بارانی پێویست بۆ پەڵەدان ئەگەر نەرمە بارانی زستانە بێت، 30 بۆ 40 ملیمەترە، بەڵام ئەگەر بارانی بەخوڕ بێت، دەبێت نزیکەی 60 ملیمەتر ببارێت.
هەر ئەمڕۆ محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بارانی زۆر باش باریوە، بەڵام نەیتوانیوە ببێتە هۆی پەڵەدان. دەتوانین بڵێین نیمچە پەڵەی داوە."
ئەم ساڵ لە دهۆک و هەولێر بەراورد بە هەمان رێککەوتی پار بارانی کەمتر باریوە، بەشێوەیەک لە هەولێر تاوەکو ئەمڕۆ 45.2 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا پار تاوەکو هەمان رێککەوت 118 ملیمەتر باران باریبوو.
ئەندازیارێکی کشتوکاڵی لە هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 24 کاژێری رابردوودا 12 ملیمەتر باران لە هەولێر و دەوروبەری باریوە. ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوودا هێندە بارانی دیکە پێکەوە، ببارێت پەڵە دەدات."
بەگوتەی ئەو ئەندازیارە، بارانبارینی رابردووی ئەم ساڵ، بۆ پەڵە سوودی نەماوە، چونکە نێوان بارانەکان زۆر بووە و زەوی وشک بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ