رووداو دیجیتاڵ
گویدۆ کرۆزیتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا ئێوارەی ئەمڕۆ گەیشتە هەولێر، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازیی لێ کرا.
سەردانی وەزیرە ئیتاڵییەکە بۆ هەولێر، دوای کۆبوونەوەیەتی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا.
ئیتاڵیا لەنێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەندامە و هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆدەبێتەوە و چەند بابەتێک تاوتوێ دەکەن.
شاکۆ عوسمان، بەرپرسی راگەیاندنی وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە رووداوی گوتبوو، "وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لەبارەی چاکسازییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و چەند بابەتێکی دیکەش تاوتوێ دەکەن."
بەشێکی دیکە لە چالاکییەکانی وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان وەک شاکۆ عوسمان باسی کرد "بەسەرکردنەوەی سەربازان و راوێژکارانی ئەو وڵاتە دەبێت لە هەرێمی کوردستان."
لە کۆبوونەوەی وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا و سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی بە وەزیری بەرگریی ئیتاڵیای گوتووە، پێویستە هاوکاری سووریاییەکان بکرێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتەکەیان.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بڵاویکردەوە "لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی هەردوولا و شێوازی پەرەپێدانیان بەتایبەتی لە بواری ئەمنی تاوتوێکران."
گویدۆ کرۆزیتۆ بەپێی راگەیێندراوەکە گوتوویەتی "وڵاتەکەمان خواستی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق هەیە، ئەوەش لە سۆنگەی هاوکاری و هاوبەشییە بەردەوامەکانی هەردوولا و ئامادەیی بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە، چونکە عێراق کار بۆ چەسپاندنی رۆڵی خۆی لە ناوچەکەدا دەکات."
پرۆفایلی گویدۆ کرۆزێتۆ:
- تەمەنی 61 ساڵە
- لە ئۆکتۆبەری 2022ـوەوە تائێستا وەزیری بەرگریی ئیتاڵیایە.
- کانوونی یەکەمی 2012 تاوەکو نیسانی 2013 سەرۆکی پارتی برایانی ئیتاڵیا بووە.
- لە ئاداری 2018 تاوەکو ئاداری 2019 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئیتاڵیا بووە.
- لە ئایاری 2001 تاوەکو ئاداری 2013 تاوەکو ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئیتاڵیا بووە.
- لە ئایاری 1990 تاوەکو حوزەیرانی 2004 سەرۆکشارەوانیی ناوچەی مارین بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ