رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست دەڵێت، ''دەبێت وەزارەتەکانی پەروەردە و دارایی روونکردنەوە بدەن کە بۆچی ئەمڕۆ مووچەمان دابەشنەکرا؟''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''نابێت دابەشکردنی مووچەمان یەک کاژێر لە لیستی مووچەی وەزارەتی پەروەردە دوابکەوێت.''
بەپێی لیستی مووچە، ئەمڕۆ (شەممە، 21-12-2024) مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە دابەش کراوە.
محەممەد کەمال، نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست لە سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دواخستنی مووچەیان رایگەیاند، ''پێویستە وەزارەتی دارایی روونکردنەوە بدات، بۆچی نەیتوانیوە بڕیاری خەرجکردنی مووچەی 38 هەزار مامۆستای گرێبەست بدات.''
محەممەد کەمال گوتی، ''دەبووایە ئێمەش ئەمڕۆ لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە مووچەمان وەرگرتبایە، بەڵام دوو هەفتەیە پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە دەکەین و، هیچ کەسێک وەڵام ناداتەوە.''
بەگوتەی ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی گرێبەست، مووچەی وانەبێژیی مانگەکانی 7 و 8ـی ئەم ساڵیشیان وەرنەگرتووە، کە ئەو کات نەکرابوونە گرێبەست، گوتی، ''لێرەوە داوا دەکەین وەزارەتی پەروەردە روونکردنەوە بدات لەسەر ئەوەی کە بۆچی مامۆستایانی گرێبەست پارەیان بۆ خەرج ناکرێت؟''
محەممەد کەمال ئاماژەی دا، ''نابێت دابەشکردنی مووچەمان تەنانەت یەک کاژێریش لە لیستی مووچەی وەزارەتی پەروەردە دوابکەوێت.''
ئەمڕۆ، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆیە و لەم هەفتەیەدا وەریدەگرن."
ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی وەزارەتی پەروەردە کە خاوەنی کارتی 'هەژماری من'ـن لە چەند رۆژی رابردوودا مووچەیان وەرگرت.
رۆژی سێشەممە، 17-12-2024 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا.
25ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا وانەبێژان بکاتە گرێبەست کە ژمارەیان 37 هەزار و 933 مامۆستای وانەبێژ بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ