رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان، ماوەی زیاتر لە 10 رۆژە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند، بایکۆتی نەخۆشخانەکانیان کردووە، ئەم کارەش نیگەرانیی لای هاونیشتمانییان دروست کردووە.
رابەر حامید، پزیشکێکی نیشتەجێی خولاوە، دوو ساڵە وەک لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای سلێمانی دەوام دەکات، ئێستا رۆشتووەتەوە ماڵەوە و دەڵێت: "تەنها مووچەمان هەیە پێی بژین، دەرمانخانە و کلینیکی ئێوارانمان نییە."
رابەر حامید بە رووداوی گوت، ماوەی زیاتر لە 10 رۆژە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە تەواوی قەزا و ناحیەکانیەوە بایکۆتی دەوامکردنییان راگەیاندووە، "بۆ داواکارییەکی زۆر سەرەتایی ئەویش مووچەکانییانە، بەڕاستی ئەم پزیشکە گەنجانە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییە جگە لە مووچەکانیان."
600 پزیشکی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەنێو نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن دەوامیان دەکرد.
وەلید سەعید، شەش ساڵە لە نەخۆشخانەکانی گەرمیان خۆبەخشە، بەهۆی دانەمەزراندنییەوە زیاتر لە 10 رۆژە لەگەڵ 79 خۆبەخشی دیکە بایکۆتی دەوامی کردووە، بەهۆی بایکۆتی ئەو کارمەندانەشەوە، نەخۆشخانەی قەڵا لە قەزای کەلار داخرا.
وەلید سەعید بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی: "هەموو شتێک لێرە بە نادیاریی ماوەتەوە، نەخۆشخانەکە داخراوە، نازانرێت نەخۆشەکان دەچنە کوێ ئێستا، ئەو خزمەتەی خۆبەخش دەیکرد لەم نەخۆشخانەیە و نەخۆشانی کۆلێرا و پەتای سکچوون و رشانەوە بەڕاستی خزمەتێکی بێ وێنە بوو."
بایکۆت هاونیشتمانییانی نیگەران کردووە و دەڵێن: داخستنی نەخۆشخانەکان لە گەرمیان، بارگرانی زیاتری بۆ خەڵک دروست کردووە.
چەند هاونیشتمانییەک لە کەلار باس لەوە دەکەن، "هەندێک کەس هەن دەستیان شکاوە یان نەخۆشن، پێویستییان بە نەخۆشخانەیە، بەهۆی بایکۆتی نەخۆشخانە حکومییەکانەوە ناچارن رووبکەنە نەخۆشخانە تایبەتەکان، ئێستا باری دارایی خەڵک باش نییە، ئەمەش بارگرانیی لەسەر خەڵک دروست کردووە."
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان لە 53 بنکە، 13 مەڵبەند و نەخۆشخانەی گشتیی کەلار بایکۆتییان راگەیاندووە، تەنیا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، ژنان و منداڵبوون، نەشتەرگەریی و سەنتەری گورچیلە دەوام هەیە، ئەوانیش تەنها کەیسە خێراکان چارەسەر دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ