رووداو دیجیتاڵ
بانکەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڕیاری حکومەت لەبارەی پێدانی قەرزی هاوژینی بەتەواوی جێبەجێ ناکەن. لە دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 200 هەزار کەس داواکاریی وەرگرتنی قەرزی بانکییان پێشکێشکردووە، بەڵام کەمتر لە 38 هەزار کەسیان پێیان دراوە.
پێکنەهێنانی هاوژینی لەلایەن گەنجانەوە بۆ حکومەتی ئێران بووەتە نیگەرانییەکی گەورە. دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەڵێن، ئاستی تەمەنی خەڵک بەرەو بەساڵاچوویی دەچێت و لە داهاتوودا دەبێتە کێشەیەکی گەورە. ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی پێشتر، رێژەی پێکهێنانی هاوژینی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 3.9٪ کەمتر بووە.
یەکێک لەو رێکارانەی حکومەت بۆ هاندانی گەنجان گرتوویەتەبەر، پێدانی قەرزی هاوژینییە، بەڵام بانکەکان وەکو پێویست هاوکاری ئەوانە ناکەن، کە داوای قەرزەکە دەکەن.
بەپێی ئامارەکان، لە دوو مانگی رابردوودا کە ساڵی نوێی هەتاوی دەستیپێکردووە، نزیکەی 217 هەزار کەس داواکاری وەرگرتنی قەرزی بانکییان پێشکێشکردووە و رێوشوێنەکانی وەرگرتنی قەرزەکەیان تەواو کردووە، بەڵام قەرزەکە بە کەمتر لە 38 هەزار کەس دراوە، کە دەکاتە 17٪ـی کۆی ئەو کەسانەی داواکارییان پێشکێش کردووە.
بەپێی بڕیاری حکومەت، ئەمساڵ بڕی 180 تاوەکو 220 ملیۆن تمەن قەرزی هاوژینی دەدرێتە ئەو هاوژینانەی لە ساڵی 2019ـەوە ژیانی هاوبەشیان پێکهێناوە. ئەگەر تەمەنی پیاوەکە لە 25 ساڵ و تەمەنی ژنەکە لە 23 ساڵ کەمتر بێت، 220 ملیۆن تمەنیان پێدەدرێت. ئەوانی سەرووی ئەو تەمەنەش، 180 ملیۆن تمەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ