کەمال کەرکووکی لەبارەی دۆزینەوەی تەرم لە بارەگای پارتی لە کەرکووک: تۆمەتی بێ بنەمان

19-04-2021
گۆڤەند مستەفا
کەمال کەرکووکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان. وێنە: رووداو
کەمال کەرکووکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە لەلایەن پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک خراوەتە پاڵیان و دەڵێت "ئێمە ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە، سەراپای دوورە لە راستییەوە، تۆمەتی بێبنەمان و نیازی شتی دیکەیان هەیە لەو تۆمەت بەخشینەوە". داواش دەکات "لێکۆڵینەوەی ورد و شەفاف بکرێت بۆئەوەی راستییەکان وەکو خۆیان دەربکەون، ئەوەشی ئەو تاوانەی کردووە رێکاری لە بەرامبەر بگیرێتەبەر".
 
کەمال کەرکووکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، لەبارەی قسەکانی راکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک لەسەر ئەوەی چەند تەرمێك لەنێو بارەگای ئەنجوومەنى سەركردایەتیى كەركووک - گەرمیانی پارتی دۆزراوەتەوە، رایگەیاند "ئەو پارێزگارە سەپێندراوە بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدات خۆی بەسەر کەرکووکدا بسەپێنێت، بەداخەوە لایەنیش هەن هاوکاریی لەگەڵ دەکەن، کە دەبوو وا نەکەن، چونکە حەقیقەتی ئەو کەسە دەرکەوتووە".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد "کاتێک لە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر هەڤاڵەکانمان بارەگای ئەنجوومەنى سەركردایەتیى كەركووک گەرمیانیان جێهێشت، تەرمی تێدا نەبووە. هەروەها شوێنی وەهای وەکو مەنهۆڵ تێدا نییە کە جێگەی تەرمی تێدا ببێتەوە، بۆیە ئەمانە هەمووی تۆمەتن، دواتر ئەوان دەڵێن هەیە، کێ دەڵێت راست دەکەن. دوای چۆڵکردنی بارەگاکەش کەوتە دەستی میلیشیاکان و سوپا، بارەگاکەیان کردبووە زیندان و ئەندام و لایەنگران و دڵسۆزانی خەڵکی کەرکووکیان دەگرت و لەوێ ئەشکەنجەیان دەدان، کادرمان هەیە کە چەندین رۆژ لەو شوێنە زیندانی کراوە و ئەشکەنجە دراوە، ئەگەر تەرمیش لەوێ هەبووبێت ئەوا خۆیان لێی بەرپرسیارن نەک پارتی دیموکراتی کوردستان".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی باسی لەوە کرد، ئەوان داوایان کردووە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکرێت و دەڵێت "یەکەم شت ئێمە ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە، سەرتاپای دوورە لە راستییەوە، تۆمەتی بێبنەمان و نیازی شتی دیکەیان هەیە لەو تۆمەت بەخشینەوە، ئێمە داوا دەکەین لێکۆڵینەوەی ورد و شەفاف بکرێت بۆئەوەی راستییەکان وەکو خۆیان دەربکەون، ئەوەشی ئەو تاوانەی کردووە رێکاری لە بەرامبەر بگیرێتەبەر".
 
کەمال کەرکووکی دەپرسێت "بۆ نزیکەی چوار ساڵ دەچێت بۆچی تاوەکو ئێستا باسی ئەو بابەتەیان نەکردووە؟ بۆچی دەمی خۆیان گرتبوو، بێدەنگییان هەڵبژاردبوو؟ بۆ لێکۆڵینەوەیەکیان نەکرد؟ بۆیە ئەمانە هەمووی تۆمەتی بێ بنەمان، ئێمە داوا دەکەین لێکۆڵینەوە بکرێت، بۆ ئەوەش رێکارە یاساییەکان دەگرینەبەر، دەشبێت رێکار وەربگیرێت". ناوبراو بە پێویستی دەزانێت "ئەو دۆخە ناسرووشتییەی ئێستا لە کەرکووک هەیە، بەو شێوەیە نەمێنێت و بگۆڕدرێت".
 
سەبارەت بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک و هەوڵەکانیان بۆ ئەو مەبەستە، کەمال کەرکووکی گوتی "پارتی لە دانوستانە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لەلایەکی دیکەوە لیژنەیەک هەبوو لە پێکهاتەکان بە بەشداریی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامادەکاری کراوە دەبێت ئەو میلیشیایانە و سوپا و پۆلیسی فیدراڵی لەناو شاری کەرکووک دەرچن و نەمێنن، بەشێوەیەکی مەبدەئی رێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە ئەو هێزانە بچنە مولتەقا، دەوروبەری کەرکووکیش لە هەموو دیاردەیەکی چەکداری و میلیشیایی حەشد و پۆلیسی فیدراڵی چۆڵ بکرێت و دەوری شارەکەش بە پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوو وەزارەتی بەرگریی عێراق و پێشمەرگە، ژمارە و شوێنی پێشمەرگە و سوپای عێراق دیاریبکرێت. ناو شاریش رادەستی پۆلیسی خۆجێی بکرێت و بارەگاکانیش بەتەواوەتی بدرێنەوە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی گەلی تورکمان".
 
کەمال کەرکووکی گوتیشی "داوامانکردووە پێش هەڵبژاردن دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە، ناکرێت هەڵبژاردنێک لەژێر سێبەری حەشد و پۆلیسی فیدراڵی و سوپا و گرووپە جۆراوجۆرەکان ئەنجامبدرێت، پێشمەرگە و خۆشت لەوێ نەبیت، بڵێی هەڵبژاردنێکی پاک و نەزیهە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری کفری

قایمقامی کفری: حکومەت بەشێکی باش لە بەڵێنەکانی جێبەجێ کردوون

تەمموزی ساڵی رابردوو، دوای مانگرتنی بەشێک لە دانیشتووانی قەزای کفری بۆ کەمیی خزمەتگوزاری، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی پێدان. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، بەشێکی پڕۆژەکان جێبەجێ کراون، بەڵام هەندێک بەڵێنیش هەن چاوەڕێی جێبەجێکردنیان دەکەین و چاویان لە خزمەتگوزاریی زیاترە