ئیدارەی گشتیی یەکێتی ئۆتۆمبێل لە ئەندامێکی سەرکردایەتیی حیزبەکە وەردەگرێتەوە

19-03-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی ئەمڕۆ هێزێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئۆتۆمبێل لە پەروین کاکە حەمە، ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبەکە وەردەگرنەوە.
 
یەکێک لەو کەسانەی لە نێو ئۆتۆمبێلەکە بووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئۆتۆمبێلەکە خاوەندارێتی بۆ ئیدارەی گشتیی یەکێتی دەگەڕێتەوە، بەڵام پێشوەختە پەروین کاکە حەمەیان ئاگادار نەکردووەتەوە. ئەگەر ئیدارەی گشتیی یەکێتی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی ئاگاداربکردایەتەوە و داوای ئۆتۆمبێلەکەیان بکردایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە خۆی ئۆتۆمبێلەکەی رادەست دەکردەوە." 
 
ئەو هاونیشتمانییە زیاتر بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی: "هێزێکی بێ شوماری دەمامکداری نەناسراوی یەکێتی بوون، واتە نازانین لە نێو یەکێتی سەر بە کێ بوون. یەک کاژێر دوای سەردانیکردنی بزووتنەوەی گۆڕان، هاتن و داوایان لە پەروین کاکە حەمە کرد بچێتە خوارەوە و ئۆتۆمبێلەکە رادەست بکاتەوە."
 
ئەمڕۆ لاهوور شێخ جەنگی لە راگەیێندراوێکدا خۆی وەک هاوسەرۆکی یەکێتی ناساند و ئاماژەی بەوەکرد لەگەڵ هەریەک لە پەروین کاکە ‌‌حەمە و ژینۆ محەممەد، ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی لە شاری سلێمانی سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانیان کردووە و لەلایەن عومەر سەید عەلی، جەمال ‌‌حاجی محەممەد، سەفینی مەلا قەرە و بەختیار عەولی پیشوازییان لێکراوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئۆتۆمبێلەکەی پەروین کاکە حەمە تایبەتە بە ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. ئەو سەرچاوەیەش کە قسەی بۆ رووداو کرد گوتی: "بەڵێ، ئۆتۆمبێلەکە خاوەندارێتییەکەی بۆ ئیدارەی گشتی یەکێتی دەگەڕێتەوە. حیزب وەک هەر ئەندامێکی دیکەی سەرکردایەتی، ئۆتۆمبێلی بە پەروین کاکە حەمەش داوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک لەلایەن یەکێتییەوە ئاگادارنەکراوەتەوە کە دەبێت ئۆتۆمبێلەکە رادەست بکاتەوە." 
 
هەروەها نووسینگەی لاهوور شێخ جەنگی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "هێزێکی چەکدار بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی بە شێوەیەکی زۆر نایاسایی و نامرۆڤانە هەڵیانکوتاوەتە سەر پەروین کاکە ‌‌حەمە، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و لاوين ئازاد، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە ئۆفیسی لاهوور شێخ جەنگی." 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان موڵکی بەتەنیا کەس و گرووپێک نییە کە بەکودەتا و بە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن خۆیان سەپاندووە، هەریەک لە خاتوو پەروین و خاتوو لاوێن بە شایستەیی خۆیان و لەبەرامبەر ئەو خزمەتە زۆرەی لەناو ریزەکانی یەکێتییدا کردوویانە و بەردەوامن بەشێوەیەکی کاتی و بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکان پێیاندراوە، ئەو گرووپە مافی ئەوەیان نیە بەو شێوازە نایاساییە مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، بۆ هەر کارێکی لەوجۆرەش رێکاری یاسایی و ئیداریی و ‌‌حزبیی خۆی هەیە نەک بەو شێوازە ناشارستانییە." 
 
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە دوو ئۆتۆمبێلی لاهوور شێخ جەنگی لە سلێمانی دەستیان بەسەردا گیرا.  
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، پاساوی ئەو کارەی یەکێتی ئەوە بووە کە ئۆتۆمبێلەکان خاوەندارێتییان بۆ ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگەڕێتەوە.
 
هەر لەو بارەوە رۆژی شەممە 18-03-2023، سەرچاوەیەکی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بەیانیی رۆژی شەممە دوو کەسی نزیکی لاهوور شێخ جەنگی لە لایەن هێزێکەوە قۆڵبەست کراون.
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی، ئەو دوو کەسە هاتووچۆیان بە منداڵەکانی لاهوور شێخ جەنگی کردووە و منداڵەکانیان گەیاندووەتە قوتابخانە و دواتر لە بەنزینخانەیەک لایانداوە و لەوێ هێزەکە قۆڵبەستی کردوون. 
 
سەرچاوەیەکیش لە ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت، پێشتر چەند جارێک لاهوور شێخ جەنگییان ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو ئۆتۆمبێلانە خاوەندارێتییان بۆ ئیدارەی گشتیی یەکێتی دەگەڕێتەوە، بەڵام نەگەڕێندراونەتەوە و هەربۆیە دەستیان بەسەردا گرتوون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.