رووداو دیجیتاڵ
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە بەتۆمەتی فڕیدانە خوارەوەی ئافرەتێک لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون.
هەینی رابردوو، کچێک لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری هەولێر کەوتەخوارەوە و رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
رۆژی شەممە 18-11-2023 بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هۆکاری رووداوەکە رایگەیاند، "دوای ئەوەی رووداوی کەوتنەخوارەوەی ئافرەتێک لە شوقەکانی ئیسکان روویدا، لەلایەن هێزەکانمانەوە دەست بە لێکۆڵینەوە کرا و دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ف. ز. ص.) و (م. أ. ع.) دەستگیرکران. "
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی هەولێر، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە هەردوو تۆمەتبار لەگەڵ ئەو ئافرەتە لەژێر کاریگەریی مادە کحولییەکان لە کاژمێر 7:00 بەیانی کێشە لەنێوانیان دروست بووە، دواتر لەلایەن یەکێک لە تۆمەتبارەکانەوە ئەو ئافرەتە لە شوقەکە خراوەتەخوارە و بەسەختی بریندار بووە.
ئاسایشی هەولێر دەڵێت، کچەکە لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێردایە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباران بەردەوامە.
بەگوێرەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 455 رووداوی کوشتنی ئەنقەست، بە هەڵە و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ