رووداو دیجیتاڵ
لە نزیک شوقەکانی پارک ڤیو لە هەولێر، ژنێک لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە بە دەستڕێژی گوللە کوژرا، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەڵێت، کێشەکە کۆمەڵایەتی بووە و تۆمەتبار دەستگیرکراوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 03-04-2024) لە نزیک دووسایدی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ژنێک بە دەستڕێژی گوللە کوژرا. هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی رووداوەکەوە رایگەیاند ''تاوەکو چەند خولەکێک بەر لە ئێستا، هێزە ئەمنییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لێرە بوون و لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە بەدواداچوونیان بۆ چۆنیێتیی رووداوەکە کردووە.''
بەپێی زانیارییەکان، رووداوەکە نزیک کاژێر 17:30ـی ئێوارە روویداوە، ژنەکە لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە بە دەستڕێژی گوللە کوژراوە.
هەندێک لە شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن ژنەکە پێنج تاوەکو شەش گوللەی بەرکەوتووە، هەر لە شوێنی رووداوەکەش گیانی لەدەستداوە.
بەگوتەی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، کوژراو و بکوژ هەردووکیان کوردن، بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر ناسنامەی کوژراوەکە، هیچ زانیارییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە نەخراوەتەڕوو.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر راگەیێندراوێکی لەسەر رووداوەکە بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، کەسی تۆمەتبار "هاوژینی کوژراوەکەیە" و دەستگیرکراوە، ئاماژە بەوەش دەکات، ''تۆمەتبار (ج. م. س.) بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە نزیک شووقەکانی پارک ڤیو هاوژینەکەی کوشتووە.''
وەک ئاسایشی هەولێر دەڵێت، تۆمەتبار دوای ئەنجامدانی ''تاوان''ـەکە هەڵاتووە، بەڵام لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، توانراوە دەستگیر بکرێت.
تەرمی کەسی کوژراو بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر رەوانەی دادپزیشکی هەولێر کراوە و هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەکە دەکەن.
پۆلیسی هەرێمی کوردستان تائێستا ئاماری رووداوەکانی کوشتنی ساڵی رابردووی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئامارێکی پێشووتریان، لە ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان 455 رووداوی کوشتنی ئەنقەست، بە هەڵە و خۆکوشتن تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ