رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی شنگال رەتیدەکاتەوە هیچ ناوێک بە فەرمی یەکلایی کرابێتەوە بۆئەوەی بەگوێرەی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی شنگال وەکو قایمقام دەستبەکاربێت و جەختیش دەکاتەوە، "ئەو لایەنانەی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەن، رێگربوون لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال." نایف سەیدۆ ئاشکرای دەکات، "ساڵی 2023 نزیکەی 2600 خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە شنگال."
نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نوورۆژ، لەبارەی دەنگۆی دەستنیشانکردنی بەربژێر و یەکلاییکردنەوەی پۆستی قایمقامی شنگال بە رووداوی گوت، "دەستنیشانکردنی قایمقام، یەکێکە لە بڕگەکانی رێککەوتنی شنگال، بەڵام تائێستا هیچ کەسێک دەستنیشان نەکراوە و ئەو بڕگەیەی رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەندێک ناو دەهێندرێن، بەڵام بە فەرمی هیچ ناوێک وەکو بەربژێر یەکلایی نەکراوەتەوە."
لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، نایف سەیدۆ رایگەیاند، "رێککەوتنی شنگال بەشێک لە کێشەکانی ئەو شارە چارەسەر دەکات، بەڵام چارەسەری بنەڕەتی جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستووری عێراقە، دەبێت خەڵکی شنگال بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، 70%ی خەڵکی شنگال داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکات، بەڵام هەندێک لایەنی نێو شنگال کە سەر بە پەکەکەن، رێگرییان لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە کرد و دژایەتییان کرد."
بە گوتەی قایمقامی شنگال، دەستێوەردانی نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی لەو شارە هەیە، "دۆخی شنگال تایبەتە و دەستی دەرەکی و هەرێمی و نێودەوڵەتی و نێوخۆیی هەیە، شنگال ململانێی زۆری لەسەرە و بڕیاری شنگال لەدەستی خەڵکەکەیدا نییە، بەڵکو وڵاتان کۆدەبنەوە و لەسەر شنگال رێکدەکەون بەبێ ئەوەی پرس بە خەڵکەکەی بکرێت."
نایف سەیدۆ ئاشکرای دەکات، "ساڵی 2023 نزیکەی 2600 خێزانی شنگال گەڕاونەتەوە شارەکەیان، بەگشتی 20 هەزار خێزان تاوەکو ئێستا گەڕاونەتەوە شارەکەیان."
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 واژۆکرا. رێککەوتنەکە لە چەند خاڵێک پێکهاتووە کە دیارترینیان دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستانە - پەکەکە لە شاری شنگال؛ لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی، هەروەها دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ