هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان؛ 17 بەربژێر و 10 کورسی

18-02-2024
چیا مەلاک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ یەکشەممە، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران دەستیپێکرد. ئەنجوومەنەکە 88 ئەندامی هەیە و ئەرکی سەرەکیی هەڵبژاردنی رێبەر و چاودێریکردنی کارەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. 
 
رۆژهەڵاتی کوردستان بەسەر پێنج بازنەی هەڵبژاردندا دابەشبووە و 10 کورسی لە ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریدا هەیە. بۆ هەڵبژاردنی یەکی ئاداری 2024ـی ئەنجوومەنەکە 17 کەس شیاوبوونیان لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسندکراوە تاوەکو رکابەری بکەن بۆ بەدەستخستنی کورسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەنجوومەنی شارەزایانیی رێبەری ئێران.  بەشێک لەو 17 بەربژێرە لەبەر کەمیی بەربژێر و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران خۆیان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان گواستوەتەوە. 
 
بەگوێرەی یاسا ئەگەر لە پارێزگایەک ژمارەی بەربژێرەکان لە ژمارەی کورسییەکان زیاتر نەبێت هەڵبژاردن دوو ساڵ دوادەخرێت؛ بۆیە ژمارەیەک بەربژێر شوێنی بەربژێربوونیان بۆ پارێزگاکانی ورمێ، ئیلام و کرماشان گواستوەتەوە تاوەکو هەڵبژاردن پەکی نەکەوێت.  
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، سەرجەم 17 بەربژێرەکەی ئەنجوومەنی شارەزایانی لە رووی رەگەزییەوە پیاون و مامۆستای ئایینین.  14 کەس لەو 17 کەسە شیعە مەزهەب و سێ کەسەکەی دیکە سوننە مەزهەبن. لە رووی نەتەوەییەوە تەنیا 9 کەسییان کوردن کە لەو ژمارەیە 6 کەسیان کوردی شیعە مەزهەبن.  هەروەها 4 پیاوی ئایینی تورک و 3 پیاوی ئایینی فارس لەگەڵ پیاوێکی ئایینی بە رەچەڵەک خەڵکی کەربەلا کە نزیکەی 50 ساڵە لە ئێران دەژی و هەڵگری وڵاتینامەی ئەو وڵاتەیە رکابەری لەسەر 10 کورسی پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن. 
 
رکابەریی 4 پیاوی ئایینی ئازەری بۆ سێ کورسی پارێزگای زۆرینە کوردی ورمێ 
 
ورمێ بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە زۆرترین نوێنەری لەنێو ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەرییدا هەیە و خاوەنی 3 کورسییە. بۆ ئەم هەڵبژاردنە سەرەتا 3 کەسایەتیی ئایینی تورک شیاوبوونیان پەسندکرا و لە قۆناخی دووەمیش بەربژێرک شوێنی بەربژێربوونی لە قومەوە بۆ ورمێ گواستەوە. ئەوەی لە ورمێ جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە هیچ کوردێک بە شیعە و سوننەوە شیاوبوونیان بۆ هەڵبژاردن پەسند نەکراوە و هەر چوار بەربژێرەکە تورکی شیعە مەزهەبن کە دووانیان خۆجێیی نین. 
عەلی ئەکبەر قوڕەیشی، لە بنەماڵە دەستڕۆشتووەکانی باکووری پارێزگای ورمێیە و ماوەی چەند خولە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانیی رێبەرییە. عەلی ئەکبەر قوڕەیشی هەروەها باوکی سەیید مەهدی قوڕەیشی پێشنوێژی ورمێ و نوێنەری عەلی خامنەییە لە پارێزگای ورمێ.
 
عەسگەر دیرباز بەربژێرێکی دیکەی پارێزگای ورمێیە و دەیەوێ پارێزگاری لە کورسییەکەی لەنێو ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری بکات. هاوکات جەواد موجتەهیدی شەبستەری نوێنەرێکی دیکەی ورمێیە لەم خولەی ئێستای ئەنجوومەنەکە و ئەویش دەیەوێ هاوشێوەی عەسگەر دیرباز پارێزگاری لە کورسییەکەی بکات.  جەواد شەبستەری لەرووی فیکرییەوە لە میانڕۆکان نزیکە. 
محەممەدحوسێن بەیاتی کە ئەویش پیاوێکی ئایینی تورکی شیعەیە نەناسراوترین بەربژێرە و کەمترین شانسی هەیە بۆ گەیشتن بە ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری. بەیاتی دکتۆرای لە فیقهـ و یاسای ئیسلامیدا هەیە.  
 
سنە؛ زۆرترین بەربژێری سوننە مەزهەب لەسەر ئاستی ئێران
 
سنە دوو کورسی لە ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری هەیە. بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردن، سێ کەسایەتیی ئایینیی کوردی سوننە و کەسایەتییەکی ئایینیی فارسی شیعە بەربژێربوونیان لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسندکراوە.
 
ناسراوترین بەربژێری پارێزگای سنە فایەق رۆستەمییە کە لە بەردەڕەشەی مەریوان لەدایکبووە و دواتر بووەتە پێشنوێژی سنە و لە سێیەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان بە نوێنەری ئەو پارێزگایە هەڵبژێردرا. دوای ئەو ئیقبال بەهمەنی وەکو بەربژێرێکی ناسراو لە سنە لە قەڵەم دەدرێت. بەهمەنی لە گوندێکی سنووری دێولان لەدایکبووە و ئێستا بەرپرسی "ناوەندی گەورەی ئیسلامییە" لە سنە. ناوەندەکە چاودێریی ئەرکی مامۆستایانی سوننە مەزهەبی رۆژهەڵاتی کوردستا دەکات. 
 
مەحموود ئیبن خەیات، سێیەم بەربژێری کوردی سوننە مەزهەبە لە سنە و ئێستا پێشنوێژی شاری سەقزە لە باکووری پارێزگاکە. هەروەها  محەممەدکازم مووسەوی نەسەب کە فارسێکی شیعە مەزهەبە بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکەی پارێزگای سنە خۆی بەربژێر کردووە و چاوی لە دەنگی شیعە مەزهەبەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگاکە و ئەندامانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانە. 
لە سەرانسەری ئێراندا تەنیا 5 بەربژێری سوننە مەزهەب شیاوبوونیان بۆ هەڵبژاردن پەسندکراوە. 
 
رکابەری سێ کەسایەتیی ئایینی کوردی شیعە بۆ دوو کورسیی کرماشان
 
کرماشان هاوشێوەی سنە دوو کورسی لە ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری هەیە و سێ کەسایەتیی ئایینیی کوردی شیعە رکابەری لەسەر دوو کورسییەکەی ئەو پارێزگایە دەکەن. 
 
ئەمان نەریمانی لە شارۆچکەی شائاباد لەدایکبووە و لەرووی فیکرییەوە لە نەریتخوازان نزیکە و ئێستا نوێنەری کرماشانە لە ئەنجوومەنەکە. دوای ئەو مەهدی خەتیبی دێت کە زۆرترین شانسی هەیە کورسی دووەمی پارێزگاکە ببات. خەتیبی لە کرماشان لەدایکبووە و لەنێوان ساڵانی 2007 بۆ 2023 نوێنەری عەلی خامنەیی بووە لە کرماشان. 
 
گەنجترین بەربژێری رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ چوارەم خولی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران "مستەفا عولەما"یە. مستەفا عولەما لە سونقور لەدایکبووە و دکتۆرای لە "فەلسەفەی ئابووریی ئیسلامی" هەیە و تەمەنی 44 ساڵە. 
 
گەنجێکی خوراسانی رێگەی نەدا هەڵبژاردن لە لوڕستان دوابخرێت 
 
لوڕستانیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان دوو کورسی لە ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێراندا هەیە و سێ کەسایەتیی ئایینی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی ئەو دوو کورسییە بەربژێر کردووە. هەڵبژاردن لە بازنەی لوڕستان کەمترین رکابەری تێدایە، چونکە لەو هەشت کەسەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی یەکی ئاداری ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری بەربژێر کرد تەنیا شیاوبوونی دوو کەسایەتیی دەستڕۆیشتووی ئایینی بە ناوەکانی ئەحمەد موبلیغی و هاشم نیازی پەسندکرا کە هەردووکیان نوێنەری ئێستای پارێزگاکەن لە ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری. ئەحمەد موبلیغی و هاشم نیازی هەردووکیان خەڵکی پارێزگاکەن.
 
لە بازنەی لوڕستان ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن تاوەکو دوایین ساتەکان بۆ گواستنەوەی بەربژێرەکان زۆرترین مشتومڕی لێکەتەوە، بەڵام بە هاتنی مەهدی سلێمانی تەبار کە کوڕی مامۆستایەکی ئایینیی ناسراوی خوراسانە بۆ بازنەی هەڵبژاردنی لوڕستان، ئەم ئەگەر رەوییەوە.  
 
عێراقییەک لە هەوڵی بەدەسخستنی کورسییەکەی ئیلامە
 
ئیلام یەک کورسیی لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە و سێ کەس بۆ ئەو کورسییە رکابەری دەکەن. 
 
موحسین سەعیدی گوڵپایەگانی بەهێزترین بەربژێری ئەم خولەی هەڵبژاردنە لە پارێزگای ئیلام و پاڵپشتی ناوەندی ئەمنی و ئایینەکانی نزیک لە حکومەتی هەیە. گوڵپایەگانی لە بنەماڵەیەکی ناسراوی ئایینی لە قوم لەدایکبووە و فارس زمانە و لە دوایین هەڵبژاردندا وەک نوێنەری ئیلام بۆ ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری هەڵبژێردرا. 
 
یەکێک لە بەربژێرەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەسایەتییەکی ئایینیە بە ناوی عەباس شاهڕەفعەتی. عەباس شاهڕەفعەتی بە رەچەڵەک خەڵکی عێراقە و لە کەربەلا لەدایکبووە، بەڵام نزیکەی نیو سەدە بەر ئێستا بۆ خوێندنی ئایینی چووەتە قوم و ئێستاش قۆڵی لێهەڵماڵیوە ببێتە نوێنەری ئیلام لە ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری. 
 
وەعد موراد بەیگی تاکە کوردی خەڵکی پارێزگای ئیلامە کە شیاوبوونی بۆ هەڵبژاردن پەسند کراوە. موراد بەیگی شیعەمەزهەبە و بەرپرسی حەوزەی زانستی باکووری پارێزگای ئیلام و پێشنوێژی کاتی شاری ئیلامە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تیمێکی سەرژمێری لە هەولێر هاونیشتمانییان تۆمار دەکەن. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

لیژنەی سەرژمێری: پێش کاژێر 12:00ـی شەو پەیوەندی بکەن

سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوانەی تاوەکو ئێستا تۆمارنەکراون، پێویستە بە "زووترین" کات لە رێگەی هێڵی گەرمی 567ـەوە پەیوەندییان پێوە بکەن. بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری پارێزگای دهۆکیش باس لەوە دەکات، لە بەشێکی پارێزگاکە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش سەرژمێری درەنگ دەستیپێکردووە و تەواونەبووە.