رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەینێ کەشوهەوا ناسەقامگیر دەبێت. بەشێک لە کەشناسانیش پێشبینی ئەوە دەکەن، شەپۆلێکی بارانبارین لە شەوی یەکشەممەوە هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و تاوەکو رۆژی سێشەممە، لە چەند شوێنێکیش لافاو دروست بێت. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێریش دەڵێت، لە ئامادەباشیدان.
ئەمڕۆ هەینی، 17-11-2023، ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ و سبەی ناجێگریی کەشوهەوا بەردەوام دەبێت و ناوبەناو لە شوێنی جیا باران دەبارێت؛ پلەی گەرماش دابەزیوە و لە نزمیدا دەمێنێتەوە."
بەشێک لە کەشناسانیش هۆشداری ئەوە دەدەن کە ئەگەری دروستبوونی لافاو لە هەرێمی کوردستان لە شەوی یەکشەممە تاوەکو سێ شەممە هەیە. ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت، پێشبینی دەکرێت "شەپۆلێکی بەهێز لە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و تاوەکو سێشەممە بەردەوام بێت. پێشبینی دەکرێت چەقی شەپۆلەکە رۆژی دووشەممە بێت و لە هەموو شارەکان زیاتر لە 50 ملیمەتر باران ببارێت."
کەشناسێکی دیکە هۆشداری دەداتە وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە و دەڵێت، پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکە بەهێز بێت و مەترسی دروستبوونی لافاو لە زۆرینەی شارەکان دەبێت. محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت، "لە زۆرینەی شارەکان مەترسی لافاو دەبێت، بەتایبەت هەولێر و دەوروبەری؛ سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان."
محەممەد کەمال ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشبینی دەکرێت بەهێزیی شەپۆلەکە رۆژی دووشەممە بێت و زۆرترین باران لە قەزای سۆران ببارێت کە نزیکەی 105 ملیمەتر دەبێت؛ هەروەها پێشبینی دەکرێت لە هەولێر نزیکەی 95 ملیمەتر، سلێمانی نزیکەی 70 ملیمەتر، دهۆک 80 بۆ 90 ملیمەتر و لە هەڵەبجە 65 بۆ 75 ملیمەتر باران ببارێت."
هەر لەو بارەوە موقەدەم کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەولێر ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە بە گوێرەی رێنماییەکانی کەشناسی لە ئامادەباشیداین. ئامادەکاری باش کراوە و چەندین تیمی ئێمە، شارەوانی و کۆمپانیاکانی پاککەرەوە ئامادەسازییان کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی لافاو."
بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ دەستنیشانکردنی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاو پێوەری خۆی هەیە. موقەدەم کاروان دەڵێت، چەند رۆژێکە بارانە و کە زەوی تێر ئاو بوو، ئەو کاتە ئاو هەڵنامژێت و ئاوەکە دەگەڕێتەوە سەرەوە، ئەگەر ئاوێک پەنگی خواردەوە و بەرزییەکەی لە 50 سانتیمەتر بۆ مەترێک بوو بە لافاو دادەنرێت، بەڵام پەنگ نەخواتەوە بە لافاو دانانرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەمڕۆی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەینێ بەیانییەکەی لە بەشێکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان تەم دەبێت و لە چەند شوێنێکیش باران دەبارێت، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ