رووداو دیجیتاڵ
بەشی کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی لە ناوچە جیاجیاکاندا نمەباران دەبارێت و دوانیوەڕۆش بارانی زیاتر دەبارێت، بەتایبەتی لە ناوچەشاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک. شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت، ئەو بارانبارینە درەنگانی شەو کەم دەبێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 09-10-2023، بەشی کەشناسی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور؛ لە ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک و لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو، لەگەڵ هەبوونی نمەبارانى کەم لە بەشێک لە سنوورى ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگاى دهۆک لە ئێوارە و شەودا."
لەبارەی کەشوهەوای سبەی سێشەممەوە کەشناسی دەڵێت، "ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو؛ بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکان بەشێوەى نمەباران دەبێت، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان. لە دواى نیوەڕۆوە بارانبارین کەمێک زیاتر دەبێت، بە تایبەتى لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان. لە سەنتەرى پارێزگاى هەولێر، سلێمانى و هەڵەبجەش ئەگەرى نمەبارانێکى کەم هەیە."
لەبارەی پلەی گەرماوە بەشی کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ، سبەی دوو بۆ پێنج پلە نزم دەبێتەوە و حاجی ئۆمەران دەبێتە ساردترین ناوچەی هەرێمی کوردستان کە پلەی گەرمی تێیدا دەگاتە 19 پلەی سیلیزی.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی لەو بارەیەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سبەینێوە کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی دەریای سوور بۆ ناوچەکانمان دەبێت کە بەهۆیەوە پێشبینی بارانبارین لە ناوچەشاخاوییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەکرێت، بەڵام لە سەنتەری پارێزگاکان زیاتر بارانی پچڕ پچڕ دەبێت."
بە گوتەی ئاراس جەبار، "سبەی بارانێکی باش لە ناوچەشاخاوییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەبارێت و درەنگانی شەو کاریگەرییەکەی کەمتر دەبێتەوە؛ رۆژی پێنچشەممەش بارانێکی کەم ناوچەکانی گەرمیان بەشێوەی کاتی و پچڕ پچڕ دەبارێت."
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی بەمشێوەیە دەبێت:
حاجی ئۆمەران، 19 پلەى سیلیزى
دهۆک، 26 پلەى سیلیزى
زاخۆ، 27 پلەى سیلیزى
سلێمانی، 28 پلەى سیلیزى
سۆران، 28 پلەى سیلیزى
هەولێر، 29 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە، 29 پلەى سیلیزى
کەرکووک، 30 پلەى سیلیزى
گەرمیان، 34 پلەى سیلیزى
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ