رووداو - کفری
غەزعەلی جەمیل، تەمەن 16 ساڵ، خەڵکی پارێزگای سەڵاحەدینە و لە دوو ساڵییەوە لە کفری نیشتەجێیە، رۆژانە لە چێشتخانەیەک لە کفری کار دەکات و باوکی دوو هاوژینی هەیە؛ 15 برا و خوشکن و دەڵێت، "هەر لێرە ژن دەهێنم."
غەزعەلی جەمیل، کرێکاری بە رەچەڵەک عەرەب دەڵێت، "لە خودا بەزیاد بێت، لەم چێشتخانەیە کار دەکەم و ئاسوودەم، رۆژانە 15 هەزار دینارم هەیە، ناڕۆمەوە بۆ شاری خۆمان و هەر لێرە ژن دەهێنم، لێرە دەمێنمەوە و کارەکەم لە خودا بەزیاد بێت باشە."
ئەو عەرەبانەی لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین، دیالە و بابلەوە چوونەتە کفری، زۆرینەیان خانوویان کڕیوە.
عەلی سەعید، خانەنشین دەڵێت، لە ساڵی 2014 چووەتە کفری و "سوپاس بۆ خودا هەمووان باشن لەگەڵمان. دوو کچم داوە بە ئەوان و ئێستا منداڵیان هەیە."
محەممەد عەواد، خانەنشین ئاماژە بەوە دەکات، لە کفری "سەقامگیری هەیە، خانوو هەیە، مامەڵەی باش هەیە، کاری تێدایە و رێزمان لێدەگیرێت، کەس بێزارمان ناکات، نە لەلایەن ئاسایشەوە و نە لەلایەن پۆلیسەوە."
لەپاڵ لێشاوی خەڵکی عەرەب بۆ شارەکە، خەڵکێکی زۆر لە کفری باریان کردووە، زۆرێکیان رۆیشتوونەتە کەلار و سلێمانی، هۆکاری سەرەکی، بە قسەی ئەوان، نەبوونی هەلی کار و خزمەتگوزارییە.
خالید وەلید، کرێکار گوتی، "ئیشەکەیان کز کردووەتەوە. بۆ نموونە، جاران من بە 10 هەزار ئیشم دەکرد، ئێستا 5000یش دەرناکەم و کرێکارییشیان نەهێشتووە، خانووی کرێیشیان نەهێشتووە بۆ کەسێک بچێتە ناوی."
تاریق سەرکەلی، فەرمانبەر ئەوەی خستەڕوو، "پێشووتر دانیشتووی شاری کفری بووم، بەبۆنەی بێکارییەوە هەزارانی وەکو من ماڵمان گواستووەتەوە بۆ شاری سلێمانی، لەبەر ئەوەی لەوێ ئیش و کار باشترە، لێرە [لە کفری] کەسابەت نییە، ئەم شارە بەرەو عەرەب بوون دەچێت."
ساڵی 2014 بەهۆی قەیرانی داراییەوە 15 پڕۆژە لە کفری راگیران، ئەوەش بەشێک لە دانیشتووانی کفریی هێناوەتە سەر شەقام و داوای خزمەتگوزاری دەکەن.
سیروان سەرتیپ، پارێزەر گوتی، "لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2020 نزیکەی 2100 ماڵ لە کفری دەرچوون و ئێمە هەست بەوە دەکەین کە لەبری ئەوان خەڵکی عەرەب و غەیرە کورد لە خوارووی کفری و ناوچەکانی عوزێم و لە ناوچەکانی حەمرین و قەرەتەپە و جەبارەوە هاتوونەتە کفری."
دوای نزیکەی هەفتەیەک لە خۆپێشاندان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەت لە نوێنەرانی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێکهێناوە و بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانیان دەکات.
زیاتر لە هەفتەیەکە لە کفری مانگرتن و خۆپێشاندان بەردەوامە، یەکێک لە داواکاریی خۆپێشاندەران مەترسیی دیمۆگرافیای شارەکەیانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ