رووداو دیجیتاڵ
شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی جەندرمەی تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە باکووری کوردستان روویدا. بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، سێ گەریلا گیانیان لەدەستداوە و سێ ئەندامی هێزەکانی جەندرمەش کوژراون.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رۆژی سێشەممە 16-05-2023 بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو لەمیانی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزەکانی فەرماندەیی جەندرمەدا رووبەڕووبوونەوە لەنێوان سەربازانی جەندرمە و گەریلاکانی پەکەکە لە بەرزاییەکانی بەستەلەر دەرەلەر لە شرنەخ روویدا.
وەکو وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت، رووبەڕووبوونەوەکە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئایاری 2023 بەردەوام بووە و لەو شەڕەدا سێ گەریلا گیانیان لەدەستداوە و دوو سەربازیش کوژراون، سەربازێک و گوندپارێزێکیش بریندار بوون.
هەر ئەمڕۆ پارێزگای شرنەخ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەربازە بریندارەکەی جەندرمە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی گشتیی شرنەخ گیانی لەدەستدا و گوندپارێزە بریندارەکەش دۆخی ناجێگیرە و لە چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکەدا چارەسەر وەردەگرێت؛ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە تاوەکو ئێستا لە ناوچەکەدا بەردەوامە.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی پارتی کرێکارانی کوردستان، هەواڵی گیانلەدەستدانی گەریلاکانی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام کوژرانی سێ سەربازەکەی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمەی راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ