تێچووی حەج لەرێگەی حکومەتەوە 5 بۆ 6 هەزار دۆلارە بۆ هەر کەسێک

14-10-2023
بەختیار قادر
بەختیار قادر
کۆمەڵێک حاجیی هەرێمی کوردستان لە مەککە.
کۆمەڵێک حاجیی هەرێمی کوردستان لە مەککە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
ساڵانە هەر حاجییەک فەریزەی حەج ئەنجام دەدات بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی پێنج بۆ شەش هەزار دۆلار خەرجدەکات، بەڵام کەسێک کە خۆی کاروباری وەرگرتنی ڤیزەی تەواو کردووە، دەڵێت، "نزیکەی دوو هەزار و 500 دۆلارم خەرجکردووە." 
 
حاجی وریا، ئەو پیاوەیە کە بەو بڕە پارەیە فەریزەی حەجی ئەنجامداوە، بە گوتەی خۆی 38 رۆژ لە مەککە و مەدینە ماوەتەوە، لە حاجییەکانی دیکە گەشتەکەی تێچووی کەمتر بووە و لەبارەی چوونە حەج و مانەوەی لە سعودیە دەڵێت، "من کۆی تێچووی گەشتەکەم 20 وەرەقە بۆ 25 وەرەقە بوو، حاجییەکانی دیکە لایان سەیر بوو کە دەیانزانی بەوەندە حەجمان کردووە، چونکە چەندین جۆر ڤیزە هەیە و دەتوانی بەئاسانی وەریانبگریت و نرخەکەی 250 دۆلارە و لە کاتێکدا ئەوانەی لە رێگەی حکومەتەوە هاتبوونە حەج 50 وەرەقەیان زیاتر خەرجکردبوو."
 
سامان سەلیم، شەش ساڵە خۆی ناونووس کردووە بۆ ئەوەی لە رێگەی وەزارەتی ئەوقاف سەردانی ماڵی خوا بکات، دواجار ساڵی رابردوو ناوی گەڕاوەتەوە و تا بووەتە حاجی، بڕی پێنج هەزار و 500 دۆلاری خەرجکردووە. 
 
سامان دەڵێت، "من نزیکەی 55 وەرەقەم خەرجکرد، لە رێگەی حەج و عومرەوە چووم، بەڵام کە لە رێگەی حکومەتەوە دەچی کارئاسانی باشت بۆ دەکرێت لە شوێنی مانەوە خواردن و نەخۆشی و هەموو ئەوانە."
 
ساڵی رابردوو چوار هەزار و 685 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان، چوونەتە حەج. ئەم ساڵ هەمان ژمارە لە هەرێمی کوردستان دەچنە حەج. ئەو کەسانەی ساڵی رابردوو ناویان گەڕایەوە بڕی چوار هەزار و 500 دۆلارییان لێوەرگیراوە.
 
یوسف ئەحمەد، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سۆرانە، بە رووداوی گوت، ئەو بڕە پارەیەی لە خەڵکی وەریدەگرن بۆ حەج، لە دابینکردنی تکتی فڕۆکە، شوێنی مانەوە، خواردن، نەخۆشی و چەندین شتی دیکە خەرجدەکرێت. 
 
ئەوانەی لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی حەج دەکەن فەرمین و پێشوەختە ناویان دەچێتە سعودیە، بەڵام ئەوانەی خۆیان گەشتەکە رێکدەخەن، نافەرمییە، هەرچەندە رێگەش لە کەس نەگیراوە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە