رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بڕیاردراوە هەفتەی یەکەمی مانگی داهاتوو پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی 14ی لە شاری دهۆک بکات، هەروەها دەڵێت، ئێستا سەرقاڵی یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەن کە لە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسە نێوخۆییەکان و هەڵبژاردنی نوێنەراندا کراون.
رۆژی هەینی، 14-10-2022، خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی سەبارەت بە کاتی بەستنی کۆنگرەی 14یەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیاردراوە لە هەفتەی یەکەمی مانگی داهاتوو پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی 14ی خۆی لە شاری دهۆک ببەستێت، بەڵام هێشتا بەدیاریکراوی رۆژی کۆنگرە تەواو دیارینەکراوە."
خەسرۆ گۆران ئاماژەی بەوە دا، زۆربەی ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرە تەواوبوون، ئێستا لە قۆناخی یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەن کە لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسە نێوخۆییەکان تۆمارکراون، کە بەمنزیکانە یەکلایی دەبنەوە.
لەبارەی ژمارەی ئەندامانی کۆنگرەوە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی گوتی، "ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە لە نزیکەی 700 ئەندام دەبێت."
رۆژی دووشەممە 2022-10-10 نەجات حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە دوایین کارەکانی لیژنەکەیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لیژنەکەمان لە کارەکانی و کۆنفرانسە نێوخۆیی و هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە بەردەوامە، تائێستا کارەکانمان کۆتاییان نەهاتووە، رەنگە رۆژی سێشەممە بەشێکی زۆری ئەو کارە کەمانەی ماون تەواو ببن و ئیشەکان زۆر ئاسان ببێت، یەک دوو ئیشی ورد لە هەولێر و لە هێزەکانی پێشمەرگە و لە ئەمریکا ماون، سێشەممە کارەکانی لقی 8ی زاخۆ و لقی 18ی ئامێدی تەواو دەبن، یەک بازنە لە سنووری لقی 16ی هەولێر تەواو دەبێت، واتە لە 48 کاژێری داهاتوودا هەموو کارەکانی کۆنفرانسە نێوخۆییەکان و هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە تەواو دەبن."
لە رۆژی 27ی ئابەوە هەڵبژاردنی نێوخۆیی پارتی بۆ کۆنگرەی 14ی حیزبەکە دەستیپێکردووە؛ ئەندامانی کۆنگرە لە رێگەی ئۆرگانەکانی پارتییەوە هەڵدەبژێردرێن. هەڵبژاردنەکە نزیکەی مانگ و نیوێک دەخایێنێت و لە 163 بازنەدا ئەندامانی کۆنگرە هەڵدەبژێردرێن. ئەندامانی کۆنگرە دابەشی پێنج پارێزگا کراون؛ 25% ئەندامانی کۆنگرەش دەبێت ژن بن.
12 ساڵە پارتی کۆنگرەی نەکردووە، لە مانگی 12ی ساڵی 2010 کۆنگرەی 13ی لە شاری هەولێر کرد. بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی ئەو حیزبە، دەبێت هەر چوار ساڵ جارێک کۆنگرە بکرێت، بەڵام پارتی دەڵێت، بەهۆی شەڕی داعش و دواتریش پەتای کۆرۆناوە کۆنگرەی 14 دواکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ