رووداو - کەرکووک
بەشێک لەوانەی خەریکی کرێکارین، لە پرۆسەی خوێندن دوورکەوتوونەتەوە و دەڵێن پەشیمانن و دەیانەوێت بچنەوە بەر خوێندن، بەڵام بنکەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە کەرکووک بەهۆی کۆرۆناوە دوو ساڵە داخراون.
کرێکارێک بەناوی هەڵۆ عەلی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''نەمخوێندووە، تەنیا ساڵێک نەبێت، ئەوەش بە خوێندن هەژمار ناکرێت، زۆریش حەزم دەکرد خوێندن تەواو بکەم، بەداخەوە نەمخوێندووە و هەست بە نەقسێکی گەورە دەکەم کە نەمخوێندووە، بەهۆیەوە ئێستا منداڵەکانم زۆر داماون، چونکە نە مامۆستا وەکو پێویست وانەیان پێدەڵێت و نە خۆشمان لە ماڵەوە دەتوانین وانەیان پێ بڵێینەوە".
کرێکارێکی دیکە بەناوی جەلال حەمە باسی لەوە کرد، "تاوەکو پۆلی پێنجی بنەڕەتیم خوێندووە و پێموایە لە کوڕەکەم باشترم کە ئێستا پۆلی شەشە، رۆژانە دەچوومە بنکەی نەخوێندەواری و سوودم لێ دەبینی، بەڵام ئەو سوودی لێ نابینێت، کوڕەکەم کە دێتەوە دەڵێت باوکە پێنج بۆ شەش لاپەڕە وانەم پێدراوە کە دەبێت لەبەری بکەم و هاوکاریم بکەن، دەڵێم من نەخوێندەوارم چیم پێدەکرێت تاوەکو بۆت بکەم".
بەپێی ئامارەکانی بەشی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە پەروەردەی کەرکووک، رێژەی نەخوێندەوار لە پارێزگاکە لە 20%ـە و بەراورد بە ساڵی 2018 لە 4% زیادیکردووە و هۆکارەکەشی بۆ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و داخستنی بنکەی نەهێشتنی نەخوێندەواری دەگەڕێننەوە.
قەیس عابد، بەرپرسی بەشی نەهێشتنی نەخوێندەواری دەڵێت، "بەشی نەهێشتنی نەخوێندەواری و بنکەکانی وەکو دۆخی خوێندنی قوتابخانە فەرمییەکانە و رێنوێنیی تایبەت هەیە بەهۆی بەریەککەوتن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە داخراوە و ئەمەش نەخوێندەواریی زیادکردووە، بەتایبەتی لەم دواییانەدا و رێژەکەی زیادکردووە و لە پارێزگای کەرکووک دەگاتە 20%".
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە پارێزگای کەرکووک 230 بنکەی نەهێشتنی نەخوێندەواری هەن، خوێندن لە 220 بنکەیان بە زمانی عەرەبی، لە نۆ بنکەشیان بە زمانی کوردی و لە بنکەکەی دیکەش خوێندن بە تورکمانییە، بەشی خوێندنی کوردی کە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ماوەی پێنج ساڵە پرۆسەی نەهێشتنی نەخوێندەواریی هەڵگرتووە.
شێرزاد رەشید، بەرپرسی بەشی خوێندنی کوردی دەڵێت، "هەموو مافێکی دارایی ئەو بنکانە لەلایەن پەروەردەی فیدراڵییەوە خەرج دەکرێت، بۆیە هەموو بنکەکان لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندایە، بەڵام نۆ بنکەش بۆ ئێمە کەمە و لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکێکی زۆر خۆیان ناونووس نەکردووە و ئەو هۆشیارییە نییە کە بێت و بڵێت دەمەوێت بخوێنین تاوەکو ئەوان رێگر بن".
بەشێکی زۆری بنکەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە گوند و ناوچە دوورە دەستەکانن و زۆربەی ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە بەر خوێندن، تەمەنیان لە نێوان 20 تاوەکو 45 ساڵدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ