رووداو دیجیتاڵ
هەر ئالوودەبوویەکى مادەى هۆشبەر لە کەرکووک خۆویستانە بچێتە سەنتەرى شیاندنەوەى سەر بە تەندروستى، رێکارى یاسایی بەرامبەر ناگیرێتەبەر. بەڕێوەبەرى تەندروستیی شارەکە دەڵێت، سەنتەرەکەى ئێستا 20 قەرەوێڵەى تێدایە و پلان هەیە نەخۆشخانەیەکى 100 قەرەوێڵەیی تایبەت بە ئالوودەبووانى مادەى هۆشبەر لە چیمەن دروستدەکرێت.
زياد جبوورى، بەڕێوەبەرى تەندروستیی کەرکووک، رۆژی دووشەممە 10-7-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "دوو سەنتەرى چارەسەرى ئالوودەبووانى مادەى هۆشبەر لە کەرکووک هەن. یەکێکیان لە نەخۆشخانەى ئازادییە و 20 قەرەوێڵەی تێدایە؛ ئەوى دیکەیان لە گرتووخانەیەکی سەر بە وەزارەتى ناوخۆیە".
زیاد جبوورى گوتیشى، "پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە بۆ ئەوەى نەخۆشخانەیەکى 100 قەرەوێڵەیی لە سنووری چیمەن دروستبکەین، کە تایبەت دەبێت بە چارەسەرى ئالوودەبووانى مادەى هۆشبەر".
یەکى نیسانى 2023، وەزارەتى ناوخۆى عێراق، سێ ناوەندى چارەسەرى ئالوودەبووانى مادە هۆشبەرەکانى لە هەر سێ پارێزگاى کەرکووک، ئەنبار و نەجەف کردەوە، کە لەنێو گرتووخانەکانى تایبەت بە مادەى هۆشبەرن، ئەوەش بەمەبەستى جیاکردنەوەى بەکارهێنەرانى مادەى هۆشبەر لە بازرگانانى ئەو مادەیە.
بەڕێوەبەرى تەندروستیی کەرکووک ئاماژەى بەوەش دا، ئەو کەسانەى خۆبەخشانە سەردانى سەنتەرى تایبەت بە چارەسەرى ئالوودەبووانى مادەى هۆشبەر دەکەن، لە کەرتى تەندروستیدا لە لپێرسینەوەى یاسایی دەبەخشرێن و دواى وەرگرتنى چارەسەر، نەخۆشخانە جێدەهێڵن.
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تاوەکو 22ـی حوزەیران، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە عێراق 7 هەزار و 400 کەس بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە پارێزگاکانی عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان) دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ