كاروباری كۆمەڵایەتی: پلاتفۆڕمی بەكارخستنی هەلی كار رادەگەیێنین

09-11-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێت، سبەی پلاتفۆڕمێکی نوێی هەلی كار رادەگەیێنین، کە هەموو کەسێک دەتوانێت بەشداری تێدا بکات.
 
ئەمڕۆ شەممە، 9ـی تشرینی دووەم، مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو پلاتفۆڕمەی لە رابردوودا کارا بوو، خەڵکی گلەیی لێی هەبوو، کە گوایە کێشەی تەکنیکی هەیە، بۆیە ئێمە سبەی پلاتفۆڕمێکی نوێی هەلی کار رادەگەیێنین."
 
بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی گوتی، "لە رێگەی ئەم پلاتفۆڕمەوە ئەو کۆمپانیایانەی پێویستیان بە کارمەندە رایدەگەیێنن، لە بەرامبەریشدا ئەو کەسانەی پێویستیان بە کارە لەم پلاتفۆڕمەدا هەژمارێک بۆ خۆیان دەکەنەوە، لە رێگەی ئەم پلاتفۆڕمەوە کۆمپانیاکان و خەڵکی پەیوەندی دروستدەکەن."
 
گوتیشی، "سبەی کاژێر 10:00 لە پێشانگایەک پلاتفۆڕمەکە رادەگەیێنن، کۆمەڵێک خاوەن کۆمپانیا و پێشانگا ئامادە دەبن، هەر لەوێش کۆمەڵێک هەلی کار رادەگەیێندرێت، مەرجەکانی وەرگرتن بەپێی کۆمپانیاکان و شوێنەکان دەگۆڕێن."
 
لە 4ـی تشرینی یەکەمی 2024، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە رووداوی راگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا وەزارەتەکە کۆمەڵێک هەنگاوی بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری گرتووەتەبەر و گوتی، ''چوار سەنتەری راهێنانی پیشەییمان کردوونەتەوە بۆ ئەوەی راهێنان بە گەنجەکان بکەن و ئێستا ژمارەی ئەو سەنتەرانە بەگشتی گەیشتووەتە 10 سەنتەر''.
 
بە گوتەی کوێستان محەممەد، کردنەوەی ئەو سەنتەرانە کاریگەریی باشی لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری هەبووە. گوتیشی، بەردەوامیی خولی راهێنانی پیشەییان لە بواری جیاجیادا کردووەتەوە بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنن.
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەشکرد، ''لە کابینەی نۆیەمدا توانیومانە راهێنانی پیشەیی بە زیاتر لە 9 هەزار گەنج بکەین کە بەپێی بەدواداچوونەکانمان، 30٪ـیان ئێستا بوونەتە خاوەن کاری خۆیان و چەند کەسێکیشیان لەگەڵ خۆیان دامەزراندووە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەو چوار ساڵەدا زۆرترین کەس لە ساڵی 2021 خنکاون. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.

بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە چوار ساڵدا 116 کەس لە ئاودا خنکاون

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە چوار ساڵی رابردوودا 224 کەس لە رووداوی جیادا گیانیان لەدەستداوە کە 116یان لە ئاودا خنکاون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا بەهۆی رووداوی جیاوە هەزار و 218 ئۆتۆمبێل سووتاون.