رووداو دیجیتاڵ
قۆناخی گەمارۆسازی و ژمارەلێدان لە کەرکووک تەواو بووە، بەڵام بۆ تۆمارکردنی ئەو ماڵانەی لە رۆژانی پێشتر تۆمارنەکراون، بژمێرەکانی سەرژمێری لە رۆژانی 16، 17 و 18ـی ئەم مانگە دەچنەوە نێو گەڕەکەکان بۆ هەمان مەبەست.
ستار پاشا، پسپۆڕ و شارەزای بواری سەرژمێرییە، بەڵگە و دۆکیومێنتی 9 سەرژمێریی لە مێژووی کەرکووک ئەرشیڤ کردووە و، خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەسەر ئەنجامەکانی سەرژمێری.
ئەو، ترسی لە ئەنجامی سەرژمێریی ئەمساڵ هەیە و بڕواشی وایە؛ ئەنجامدانی لە قازانجی کورد نابێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەلایەوە گرنگە کوردانی خەڵکی کەرکووک کە لە دەرەوەی پارێزگاکەن، بۆ سەرژمێریی گشتی، خۆیان لە کەرکووک تۆمار بکەن.
ستار پاشا، پسپۆڕ و شارەزای ئامار و سەرژمێری بە رووداوی گوت "فۆرمەکە ئەوەندەی من ئاگادار بم؛ دەستکاری نەکراوە و وەکو خۆیەتی، واتە پرسیارەکان هەر هەن، نزیکەی 70 بۆ 75 پرسیارە. نزیکەی 5 پرسیاریان وەڵامدراونەتەوە، لەو کاتەی تیمەکان هاتوون و سەردانی ماڵەکانیان کردووە... وا تۆمار دەکرێت کە لەسەر کەرکووک بێت، نازانم بۆ من ئەمە جێی باوەڕ نییە، بە لۆژیکی نازانم. ئەمە سەرژمێرییەکی هەنووکەییە، تۆ لە هەر شوێنێک بیت، لەوێ تۆماردەکرێیت."
لیژنە باڵاکەی سەرژمێری لە کەرکووک کە، پارێزگار سەرۆکایەتیی دەکات و هێشتا دەستبەکار نەبووە.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک بە رووداوی گوت "لایەنگری لە کەس قبووڵ ناکەین، سەرپێچیش لە کەس قبووڵ ناکەین، (دەبێت) ئیشەکان بە جوانی و بە رێکوپێکی بڕۆن، من دڵنیاشم باش دەبێت. تائێستا بڕیاری کۆتایی نەهاتووە، با بڕیاری کۆتایی بێت، ئەو کاتە ئێمە پشت بە خوا دەستبەکار دەبین."
لەبارەی لیژنەی باڵای سەرژمێریش لە کەرکووک دەڵێ، "لیژنەکە دروستکراوە و من سەرۆکیم. با رێنمایی تەواوەتیمان لە ئەمینداریێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران [ـی عێراق] و وەزارەتی پلاندانانەوە بۆ بێت، ئەو کاتە پشت بە خوا قسەمان دەبێت."
ئەوەی بەلای کوردەوە جێگەی مەترسییە؛ تۆمارکردنی هاوردەکانە لەسەر پارێزگای کەرکووک، کە جگە لە هاوردەکانی سەردەمی بەعس، تەنیا لە حەوت ساڵی رابردووشدا دەیان هەزار خەڵکی دیکە بەناوی ئاوارەوە هاتوونەتە کەرکووک و ئێستا نیشتەجێی پارێزگاکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ