لە کەرکووک تائێستا هیچ لیست و هاوپەیمانیێک بۆ هەڵبژاردن تۆمار نەکراون

30-07-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
لایەنە کوردییەکان ئەگەرچی کۆبوونەوە و دیداری زۆریان ئەنجامداوە، بەڵام تائێستا ئاسۆی یەکگرتنیان ناڕوونە
لایەنە کوردییەکان ئەگەرچی کۆبوونەوە و دیداری زۆریان ئەنجامداوە، بەڵام تائێستا ئاسۆی یەکگرتنیان ناڕوونە
نیشانەکردن کەرکووک ئەنجوومەنی پارێزگاکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییان لە کەرکووک لە نۆرەیەکی دوور و درێژ وەستاون بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و کاراکردنی کۆبۆنی خۆراک، زۆربەی ئەوانەی لە بەیانییەکی زووەوە وەستاون، کوردن کە وێڕای نیگەرانییان لە حیزبەکان، بەڵام خواستی ئەوەیان هەیە مافی دەنگدانیان نەفەوتێت.
 
خەڵەف، کە لەتاو تینی گەرما بەدیار ترمۆزێکی ئاو دانیشتووە، دڵی پڕە لەتاو ئەو دەنگۆیانەی باس لە پەرتەوازەیی کورد دەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
 
خەڵەف محەممەد، دانیشتووی گەڕەکی شۆرجەی کەرکووکە، لە نۆرەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران وەستاوە و قسە بۆ رووداو دەکات، دەڵێ "ئەگەر بێت و (کورد) یەکنەگرن، ئەمجارەش دووبارە و سێ بارەو 10 بارە دەیدۆڕێنن، لەهەر شوێنێک ناکۆک بن، نابێت لە کەرکووک ناکۆک بن."
 
لایەنە کوردییەکان ئەگەرچی کۆبوونەوە و دیداری زۆریان ئەنجامداوە، بەڵام تائێستا ئاسۆی یەکگرتنیان ناڕوونە. پارتی لەوە یەکلایی بووەتەوە لەگەڵ یەکێتی ناچنە هاوپەیمانیێتییەوە، بەڵام ئەو ئەگەرەش رەتناکەنەوە کە رەنگە لەگەڵ هەندێ لایەنی دیکە ببنە هاوپەیمان.
 
سامان رەشید، رێپێدراوی پارتی لە کەرکووک دەڵێ "لەڕاستیدا پێمان باشە بەلایەنی کەمەوە کورد بە دوو لیستی بەهێزەوە بەشداربێت... ئەگەر دوو لیستی باش هەبێت، باشە، بەڵام دوو لیست لە سێ باشترە و سێ لە چوار باشترە."
 
کۆمیسیۆن دەرگای بەڕووی لایەنەکاندا کردووەتەوە تاوەکو ناوی هاوپەیمانیێتی و بەربژێرەکانیان پێشکێش بکەن، بەڵام تائێستا تەنانەت یەک لایەنیش ناوی خۆی تۆمار نەکردووە.
 
پێشکێشکردنی ناوی هاوپەیمانی لە بەغداوەیە و دوایین وادەش کۆتایی ئەم مانگەیە، بۆ ناوی بەربژێرەکانیش 12ـی مانگی ئاب وەک دواڕۆژ دیاریکراوە.
 
عەلی عەباس، بەرپرسی راگەیاندنی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان باس لەوە دەکات "تائێستا بەربژێرەکان سەردانی بەشی حیزبەکانیان نەکردووە، واتا تائێستا هیچ بەربژێرێک پەسند نەکراوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن. پێشکێشکردن و پەسەندکردنی هاوپەیمانیێتی حیزبەکان، تەنیا لە نووسینگەی نیشتمانیی بەغدایە، نەک لە نووسینگەی پارێزگاکان."
 
بەو پێیەی لە کەرکووک رکابەری تووندی سیاسی لەنێوان لایەنەکاندا هەیە، پێشبینی دەکرێت هیچ لایەنێک تاوەکو دوایین رۆژەکان، لیست و قەوارە و بەربژێرەکانی ئاشکرا نەکات و پێشکەشی کۆمیسیۆنی نەکەن بۆ ئەوەی دەستیان کەشف نەبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە